سەرۆکی پەرلەمان: عێراق وڵاتێکی فاشیلە

‌یوسف محەمەد

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، رایده‌گه‌یه‌نێت عێراق وڵاتێکی فاشیلە، کورد مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆی هەیە، ده‌ڵێت "بەڵام ئێستا فیدڕالیمان هەڵبژاردووە لە چوارچیوەی عێراقدا".

  لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی (الاهرام)میسری، یوسف محەمەد سادق، باس لە بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و شەڕی دژ بە تیرۆرستان و پەیوەندی نێوان هەرێم و حکومەتی ناوەندی و ناردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ کۆبانێ و چەند پرسێکی تر دەکات.

لەپێشەکی چاوپێکەوتنەکەدا، ئەو ڕۆژنامەنووسەی چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان سازداوە دەڵێت: بینینی سەرکردەو بەرپرسەکان باڵاکان لە دونیادا زۆر ئەستەمە، لە کوردستان ئەستەمتر، بەڵام  لەیەکێک لە قاوەخانەکانی شاری سلێمانی کوڕێکی گەنجم بینی بە بێ پاسەوانی تایبەت‌و بەبێ کەژاوەی ئۆتۆمبێل، وەک هاوڵاتییەکی ئاسایی هاتە ژوورەوە، ئەمە بۆ من شتێکی سەرسوڕهێنەر بوو، سەرۆکی پەرلەمان بەو شێوەیە ببینم کە ئەو تەمەنی ٣٦ ساڵە و دکتۆرای لە زانستی سیاسی هێناوە.

ڕۆژنامەنووسەکە لەبارەی بێ پاسەوانی و سادەو ساکارییەکەی لە سەرۆکی پەرلەمان دەپرسێت، ئەویش دەڵێت "خۆشەویستی جەماوەر پارێزەرو پاسەوانی ڕاستەقینەی ئێمەیە".

لەبارەی بڕیاری ناردنی هێزی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ، سەرۆکی پەرلەمان دەڵێت "ئەمە بڕیارێکی پەرلەمانی کوردستانە، بەڕەزامەندی هەمو لایەن و فراکسیۆنەکان،تیرۆرستانی داعش لە پێکهاتەو نەتەوەو زمانی جیاواز پێکهاتوون، بەچەکی پێشکەوتوو شەڕ دەکەن، پێشمەرگە بە درێژایی زیاتر لە هەزار کیلۆمەتر قارەمانانە ڕووبەڕووی تیرۆرستانی داعش شەڕ دەکات".

سه‌باره‌ت به‌ حکومەتی عێراقیش، سەرۆکی پەرلەمان، وتویه‌تی‌ "من تەمەنم ٣٦ ساڵە، بیرم بێت لە عێراقدا جگە لە کارەسات‌و ناخۆشی هیچم لەم وڵاتەدا نەبینیوە، دەسەڵاتدارانی پێشوو بە کیمیاویی‌و کوشتن مامەڵەیان لەگەڵ کورد کردووە، دەسەڵاتدارانی ئێستاش بە بڕینی موچە‌و قوتی هاوڵاتییان".



PM:02:12:14/11/2014