كەس نەیزانی شاندەی حكومەت هەرێم بۆچی نەدەرۆیشت بۆ بەغدا؟

پەرلەمانتاری عێڕاق لەسەر لیستی كۆمەڵی ئیسلامی زانا رۆستایی كە پێشتریش ئەندامی وەفدی دانوستانكاری كورد بوو لەگەڵ بەغدا، لە چاوپێكەوتنێكی تایبەت لەگەڵ ماڵپەڕی سپی میدیا دەڵێت" لایەنی كوردستانی خەمساردبوو لە بەدواداچوونی مافەكانی خەڵكی كوردستان لە دوو مانگی رابوردوودا لەبەغدا".
دەقی چاوپێكەوتنەكە بخوێنەرەوە:

سپی میدیا: ئایا ئەو ڕێككەوتنە سەرەتاییەی نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق وحكومەتی هەرێم كە رۆژانە هەرێم بڕی ١٥٠ هەزار بەرمیل نەوت بخاتە ژێر دەسەڵاتی سۆمۆ، ئەوانیش وەك پێشاندانی نیەت باشی ٥٠٠ ملیۆن دۆلار وەك گوژمەیەك بنێرین بۆ هەرێم، ئایا پێشبینی هەنگاوێكی جدی و پۆزەتیڤانەی لێدەكرێت؟ 

پەرلەمانتار، زانا رۆستایی: ئەو رێكەوتنە هەنگاوێكی گرنگە لەسەرەرێی چارەسەركردنی كێشەكانی تر و كرانەوەیەكی هیوا بەخشە، ئەبێتە هۆی هاندانی لایەنی كوردستانی بۆ هەنگاونان بەرەو بەغدا، هەرچەندە بڕە‌ پارەكە زۆر كەمە و بەشی مووچەی یەك مانگی فەرمانبەرانی هەریم ناكات، بەڵام وەك هەنگاوی یەكەم كە بەغدا ناویەتی بە ئەرێنی دادەنریت.
سپی میدیا: چەند جارێك عەبادی و هاوپەیمانی نیشتمانی شیعە دەستپێشخەریان كرد و سەردانی كوردستانیان كرد تا زەمینە خۆش بكەن‌و دەرگای گفتوگۆ بكەنەوە، دوا سەردانیش هاتنەكەی عادل عەبدولمەهدی بوو، هەست ناكەیت سەركردایەتی كورد بەتایبەتی پارتی بەدەم ئەو دەستپێشخەریانەوە نەچووە؟ یان نایەوێت بچێت؟

پەرلەمانتار زانا رۆستایی: سەردانەكانی بەرپرسانی بەغدا بۆ هەریم بەمەبەستی دەست پێشخەری نەبووه،‌ بەڵكو سەردانی سیاسی بوون بۆ لای لایەنەكان، وەك سەردانی حەیدەر عەبادی بۆ سلێمانی، تەنها عادل عبدول مەهدی كە هات پێشنیاری تازەی پێبووو ئەویش لەسەر راسپاردەی ئەمریكیەكان و نەتەوە یەكگرتوەكان بووه، بەڵام لایەنی كوردستانییش خەمساردبوو لە بەدواداچوونی مافەكانی خەڵكی كوردستان لە دوو مانگی رابوردوودا، نە ئێمە وەكو پەرلەمانتارەكان، نە میدیاكان، ئێستاش نەمانزانی ئەو شاندەی سەرۆكی حكومەت بۆچی نەدەرۆیشت بۆ بەغدا لە كاتیكدا ناوە ناوە بەرپرسە حكومیەكان رایاندەگەیاند كە بەم زوانە دەچنە بەغدا؟

سپی میدیا: كێشەكان لەگەڵ بەغدا زۆرن، بەڵام ئێستا زەقترینیان پرسی بوودجەو نەوتە كە پێكەوە گرێدراون، ئایا كورد لەم پرسەدا لەسەر هەقە؟ باشتر نییە لەگەڵ بەغدایەكی لاوازدا رێككەوتن بكرێت، تا بەردەوامبوون لە پەیوەندی لەبواری نەوتدا لەگەڵ توركیا كە كەس زامنی ئایندەی ناكات؟

پەرلەمانتار زانا رۆستایی: پرسی بوودجە هەموو ساڵێك لەكاتی ئامادەكردنیدا گفتوگۆی پەیوەندیدار بە هەرێمی كوردستان بەدوای خۆیەوە دێنێت، بودجەی هەریم لە ساڵانی رابوردوو لەناوخۆی هەرێمیش نا شەفافیەتی پێوە دیار بوو لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە رەخنەی توندی ئاراستە دەكرا، لەبەر ئەوەی ئەو بەشە بوجەی لەبەغدا دەهات بۆ هەرێم بە شیوەیەكی دادپەروەرانە بەكارنەدەهێنرا. بەغداش تیبینی خۆی هەبوو لەسەر لیستی مووچەخۆرانی هەرێم و هەندی برگەی بوودجەی هەرێم بیگومان هەرێمیش بەردەوام تێبینی خۆی هەبووە لەسەر رێژەی 17% و لەسەر خەرجیە سیادیەكان، بۆیە ناتوانین بڵێین بەغدا 100% لەسەر حەق بوو، یان هەریم 100% لەسەر حەق بوو .

رێكەوتن لەگەل بەغدایەكی لاواز لەو كاتەدا لەبەرژەوەندی كورددایە ئەگەر لایەنی كوردی بتوانێت كارتی هەناردەكردنی نەوت باش بەكار بهێنێت، چونكە لە ئەمرۆدا عێراق ناتوانێت لە پارێزگاكانی باكور یەك دلۆپ نەوت رەوانەی دەرەوە بكات، مەگەر لە رێی بۆری نەوتی هەرێمەوە نەبێت .

سپی میدیا: ئەو توندیەی بەغدا هەیەتی بەرامبەر پرسی ناردنی بوودجە بەتەواوی ، هەر عەبادی و دەوڵەتی یاسایە؟ یان هەموو شیعە؟
پەرلەمانتار زانا رۆستایی: پێشتر تەنها مالیكی ئەو هەڵوێستەی هەبوو، بەڵام ئێستا هەموو هاوپەیمانی نیشتیمانی شیعەكان لەسەر ئەو هەڵوێستەن، ئەوان پێیان وایە هەرێمی كوردستان بەشداری ناكات لە دابینكردنی سەرچاوەكانی داهاتی بودجە،‌ بەڵام داوای بەشی خۆی دەكات، عەقڵیەتی ئەوان وایە كە كورد غەدر لە عێراق دەكات و پێچەوانەی دەستوور دەجوڵێتەوە لە كاتیكدا كوردستان خاوەنی یاسای نەوت و گازی خۆیەتی، بەڵام بەغدا تا ئیستا لەمەسەلەی نەوت لەسەر یاسای سەردەمی رژێم دەڕوات كە جەخت لەسەر مەركەزیەت دەكاتەوە .




PM:01:05:17/11/2014