جێگری سەرۆکی ئەمریکا دەستخۆشی لە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان کرد

‌مەسعود بارزانی
جۆ بایدن جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە پەیوەندییەکەی تەلەفۆنی دا لەگەڵ مەسعود بارزانی، دەستخۆشیی لە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان کرد، کە توانیویانە سەرکەوتنی بەرچاو بەدەست بهێنن و سەرسامیی خۆی بە توانا و ئازایەتیی پێشمەرگە نیشان دا.

بە پێی راگەیاندراوەکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا راشیگەیاندووە "جارێکی تر پشتگیریی حکوومەتی ئەمەریکای بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان و ڕایگەیاند کە ئێوە جێگەی ئومێدی هەموو دنیای ئازاد و هەموو ئەوانەن کە دژی تیرۆرن، بۆیە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە پشتیوانیی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت”.
 

دەقی راگەیاندراوەکەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە ١٧ـی ١٢ـی ٢٠١٤، جۆ بایدن جێگری سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد.

لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا جێگری سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دەستخۆشیی لە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان کرد کە توانیویانە سەرکەوتنی بەرچاو بەدەست بهێنن و سەرسامیی خۆی بە توانا و ئازایەتیی پێشمەرگە نێشان دا.

 جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا جارێکی تر پشتگیریی حکوومەتی ئەمەریکای بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان و ڕایگەیاند کە ئێوە جێگەی ئومێدی هەموو دنیای ئازاد و هەموو ئەوانەن کە دژی تیرۆرن، بۆیە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە پشتیوانیی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت

 جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا سەبارەت بە دەرهێنانی ناوی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە لیستی ڕەش ڕایگەیاند کە ماوەیەکی زۆرە خۆمان و کۆنگرێس کار لەسەر ئەو بابەتە دەکەین، چونکە بەڕاستی دانانی ناوی ئەو دوو پارتەی کوردستان لەو لیستە کارێکی زۆر نابەجێ و نەشیاو بوو و خۆشبەختانە دوای هەوڵەکان ئێستا کۆنگرێس بە یاسا ئەوەی چەسپاند کە نەدەبوو ناوی ئەو دوو پارتە لەو لیستەدا بێت و بە فەرمی ناویان لە لیستە دەرهێندرا و ئەوەش دەبێتە هۆی ئاسانکاری و ڕێگەخۆشکەر بۆ پێدانی ڤیزا بە ئەندامانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان.

 لە بەرانبەردا سەرۆک بارزانی سوپاسی خۆی بۆ سەرۆک ئۆباما و بەڕێز بایدن و گەلی ئەمەریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەربڕی بۆ ئەو پشتگیرییەی کە پێشکەشی گەلی کوردستانیان کردووە و ڕایگەیاند کە ئەو پشتگیری و هاوکارییە هێزی زیاتری دایە گەلی کوردستان، بەتایبەتییش بەشدارییکردنی هێزی ئاسمانیی هاوپەیمانان کاریگەریی زۆری هەبووە.

 هەر لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و ناوچەکە خرایە بەرباس.



AM:09:47:18/12/2014