میرانی وەڵامی بایک و دەمیرتاش دەداتەوە

سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی فازل میرانی لەسەر لێدوانەکانی ئەم دوواییەی جەمیل بایک‌و دەمیرتاش دەڵێت" دەبوایە جەمیل بایک وشەی " دەبێت"ی بەکار نەهێنایە چونکە ئەو وشانە کەسانی عەرەب بەکاری دەهێنن".

سەبارەت بە دەمیرتاشیش کە وتبووی شەنگال بەشێک نییە لە باشوری کوردستان، میرانی دەڵێت"  "ئێمە وامان زانیوە كە ناوبراو لە گوتەكانی پەشیمان بووەتەوە، هەروەها پرسی شنگال لە دەست خودی ئێزدی و شنگالییەكانە و جگە لەوەیش سیستەمی كانتۆن لە وڵاتێكی وەكو عێراق نییە و نەبووە، لەبەر ئەوە ئەو بابەتە پەیوەستە بە عێراق و هەرێمی كوردستان و لە پێشەوەی هەموویشیان لە دەست خەڵكی ئەو ناوچەیە خۆیەتی كە چۆن بریاری خۆیان دەدەن."

میرانی ئەم قسانەی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی کوردستانی تیڤی دا وتووە، لەسەر جەمیل بایک هاوسەرۆکی کۆما جڤاتی کوردستان زیاتری درێژەی پێدەدا و دەڵێت" سەبارەت بە قسەكانی (جەمیل بایك)ـیش كە رایگەیاندبوو دەبێت عێراق بە یەكپارچەیی بمێنێتەوە، (فازڵ میرانی) دەڵێت، "جارێ پێویستە ئەوە بزانین وشەی "دەبێت" لەلایەن كەسانێكەوە بەكار دێت ئەگەر ئەو كەسانە عەرەب بن و بڕیار لەسەر چارەنووسی كوردێك بدەن نەك كەسێك لێدوانی وا بدات كە شۆڕشگێر بێت و خەباتی لە پێناوی ئازادیی چوار پارچەی كوردستاندا كردبێت، جگە لەوەیش خەڵكی هەرێمی كوردستان یان عێراقییەكان بڕیار دەدەن كە چۆن لەگەڵ یەكتر دەژین نەك كەسێك كە هیچ پەیوەندییەكی بەو وڵاتەوە نییە".

میرانی دەڵێت" با جارێک شەنگال رزگار بکەین، پاشان حیزبایەتی بکەین".






PM:01:02:27/12/2014