نوێنەرانی 66 حیزبی سیاسی: لێدوانەكانی بایك و دەمیرتاش مایەی نیگەرانین

نوێنەری لایەنە سیاسییەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان، لە هەولێر كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییان دەربارەی رەوشی ئێستای كوردستان رێكخست و رایانگەیاند، لێدوانەکانی جەمیل بایک و سەڵاحەدین دەمیرتاش نیگەرانیان دەکات.

ئەو لایەنانە نوێنەرایەتی 60 لایەنی سیاسی لە هەر چوار پارچەی كوردستان، ئەوان كۆمیتەیەكی 16 كەسیان پێكهێناوەو هەر جارەو لەسەر پرسێكی رۆژەڤی كوردستان كۆدەبنەوە.

كۆبوونەوەی ئەمڕۆیان لە بارەگای پارتی دیموكراتی كوردستان رێكخست و دوای تەواوبوونی كۆبوونەوەكەیان، كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییان رێكخست و رایانگەیاند، ''دەستخۆشی لە سەركەوتنەكانی پێشمەرگە دەكەین، سەركەوتنی پێشمەرگە لە شنگال شانازییە بۆ هەموو خەڵكی كوردستان، هەروەها دەبێتە هەوێنی سەركەوتن لە بەرەكانی دیكە لە شەڕی داعش، سوپاسی هەڵوێستی بارزانی دەكەین، كە بە درێژایی ماوەكانی رابردوو سەرپەرشتی بەرەكانی شەڕی كردووەو ناوچەیەكی فراوانی لە دەستی چەكدارانی داعش دەرهێناوە''.

سەبارەت بە لێدوانەكانی سەڵاحەددین دەمیرتاش و جەمیل بایك، نوێنەرانی لایەنە سیاسییەكان رایانگەیاند، کە ئەوان لەگەڵ هیچ جۆرە لێدوانێكدا نین، كە بە قازانجی ئەو قۆناخەی كورد نەبێت، چونكە "زیان بە یەكڕیزی گەلی كورد دەگەیەنێت و هەر جۆرە لێدوانێكی لەو جۆرە نیگەرانمان دەكات و لە گەڵیدا نین''.

لە بەشێكی دیكەی كۆنگرەكەدا، غەفوور مەخمووری، ئەندامی كۆمیتەی لایەنە سیاسییەكان و سکرتێری یەکێتی نەتەوەیی کوردستان رایگەیاند، ''ئێمە نوێنەرایەتی حیزبەكانمان ناكەین، بەڵكو نوێنەرایەتی لێكدانەوەو بۆچوونی هەموو لایەنە سیاسییەكان دەكەین، ئەگەر نوێنەری چەند لایەنێك لێرە ئامادە نەبێت، مانای ئەوە نییە ئەوان لەگەڵ راگەیەندراوی كۆبوونەوەكانی كۆمیتەی لایەنە سیاسییەكان نین''.

پێشتر جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە لێدوانێکدا بۆ گاردیانی بەریتانی، رایگەیاندبوو، کە ئەوان لەگەڵ یەکپارچەیی و یەکگرتوویی خاکی عێراقن.

هەروەها سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی کۆنگرەی دیموکراسی گەلان (HDP)، بە ماڵپەڕێکی نزیک لە پەکەکەی راگەیاندبوو، کە شنگال بەشێکە لە عێراق و دەبێ سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی سەربەخۆی تێدا جێگیر بکرێت.



PM:03:14:27/12/2014