"پارتی نەیزانیوە‌و بەناچاریی پێشوازیی لە بكوژەكەی قاسملۆ كردوە"

بەرپرسێكی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرایدەكات كە ئەوان بە ناچاریی پێشوازییان لەشاندەكەی ئێران كردوە‌و پێشتر نەیانزانیوە "سەحراڕودی" بكوژەكەی د.قاسملۆ لەناو شاندەكەدابووە.

بەرپرسێكی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان كە نزیكە لەسەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانیش، سەبارەت بە شاندەكەی ئێران بە سایتی وشەی راگەیاندوە: "بەرنامەی سەردان و ئەندامانی شاندی ئێران لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی عێراقەوە رێك خرابوو و بەو پێیەش كە ئێمە بەشێكین لە عێراق، ناتوانین ئەو بەرنامانە رەت بكەینەوە".

بەرپرسەكەی پارتی دەڵێ، "وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە ئێمەیان گوتبوو شاندەكە لەلایەن عەلی لاریجانی سەرۆكی ئەنجوومەنی شوورای ئیسلامیی ئێرانەوە سەرۆكایەتی دەكرێ و چەند ئەندامێكی ئەنجوومەنەكەشی لەگەڵدایە، ئەوان باسیان نەكردبوو كە محەمەد جەعفەر سەحراروودیش لەگەڵ شاندەكەیە. ئەو سەردانانە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی عێراقەوە رێك دەخرێ و بەو پێیەش كە هەرێمی كوردستان بەشێكە لە عێراق، ناتوانین رەتی بكەینەوە".

بەرپرسەكەی پارتی دووپاتی دەكاتەوە كە ئەوان لە نیگەرانیی خەڵك و حزبەكانی رۆژهەڵات تێ دەگەن، بۆیە بڕیارە مەكتەبی پێوەندییە نیشتمانییەكانی حزبەكەیان رابسپێردرێ بۆ ئەوەی لەگەڵ حزبەكانی رۆژهەڵات كۆ ببێتەوە و پرسەكەیان بۆ روون بكاتەوە.
رۆژی هەینی رابردوو، شاندی ئێران بە سەرۆكایەتیی عەلی لاریجانی سەرۆكی ئەنجوومەنی شوورای ئیسلامیی ئەو وڵاتە، سەردانی شاری سلێمانییان كرد و دواتر چوونە هەولێر‌.

شاندەكە لە سلێمانی، سەردانی جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی كرد و دواتر لە هەولێر، لەگەڵ مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كۆ بوونەوە و دواتریش سەردانی پەرلەمانی كوردستانیان كرد.

ئامادەبوونی محەمەد جەعفەر سەحراروودی لە چوارچێوەی شاندەكەی ئێراندا، ناڕەزایی خەڵك و حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانی لێ كەوتەوە.

سەحراروودی دەستی لە تیرۆركردنی دكتۆر عەبدوڕەحمان قاسملو سكرتێری حزبی دیموكراتی كوردستاندا هەبووە.



PM:01:52:29/12/2014