"یەكێتی‌و پارتی بە دەیانجار پێشوازییان لەبكوژەكەی قاسملۆ كردوە"

‌دیداری شاندەکەی ئێران لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم

دەزگایەكی راگەیاندنی پارتی ئاماژە بەوە دەكات كە نەیانزانیوە  سەحرارودی (یەكێك لەبكوژەكانی د. قاسملۆ) لەناو شاندەكەی ئێران دابووە كە هاتوون بۆ لای بارزانی. سەرچاوەیەكی سیاسیش دەڵێـت: بكوژەكەی قاسملۆ بە درێژایی ساڵانی رابردوو سەردانی بەرپرسانی یەكێتی‌و پارتییان كردوە.

ماڵپەڕی "وشە" سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەواڵێكدا لەزاری بەرپرسێكی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان كە نزیكە لەسەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانیش، سەبارەت بە شاندەكەی ئێران رایگەیاند "بەرنامەی سەردان و ئەندامانی شاندی ئێران لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی عێراقەوە رێك خرابوو و بەو پێیەش كە ئێمە بەشێكین لە عێراق، ناتوانین ئەو بەرنامانە رەت بكەینەوە".

هەروەها دەڵێت "وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە ئێمەیان گوتبوو شاندەكە لەلایەن عەلی لاریجانی سەرۆكی ئەنجوومەنی شوورای ئیسلامیی ئێرانەوە سەرۆكایەتی دەكرێ و چەند ئەندامێكی ئەنجوومەنەكەشی لەگەڵدایە، ئەوان باسیان نەكردبوو كە محەمەد جەعفەر سەحراروودیش لەگەڵ شاندەكەیە. ئەو سەردانانە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی عێراقەوە رێك دەخرێ و بەو پێیەش كە هەرێمی كوردستان بەشێكە لە عێراق، ناتوانین رەتی بكەینەوە".

سەبارەت بەلێدوانی ئەو بەرپرسەی پارتی كە ناوی خۆی ئاشكرانەكردوە، سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگادار بە سپی میدیای راگەیاند "بە درێژایی ساڵانی رابردوو قاسم سەحراڕوودی كە یەكێك لە تۆمەتبارانی كەیسی تیرۆری د. قاسملۆ، سكرتێری پێشووی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێرانە، لەلایەن بەرپرسانی یەكێتی‌و پارتییەوە پێشوازیی‌و میواندارییان كراوە".

رۆژی هەینی رابردوو، شاندی ئێران بە سەرۆكایەتیی عەلی لاریجانی سەرۆكی ئەنجوومەنی شوورای ئیسلامیی ئەو وڵاتە، سەردانی شاری سلێمانییان كرد و دواتر چوونە هەولێر‌.

شاندەكە لە سلێمانی، سەردانی جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی كرد و دواتر لە هەولێر، لەگەڵ مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كۆ بوونەوە و دواتریش سەردانی پەرلەمانی كوردستانیان كرد.

ئامادەبوونی محەمەد جەعفەر سەحراروودی لە چوارچێوەی شاندەكەی ئێراندا، ناڕەزایی خەڵك و حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانی لێ كەوتەوە.

سەرچاوەیەك لە یەكێك لەحیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان سەبارەت بەو ناڕەزاییانە بە سپی میدیای وت: پێشوازیی لە بكوژەكەی د. قاسملۆ لەلایەن بەرپرسانی هەرێم‌و هەردوو حیزبی دەسەڵاتداری هەرێم بۆ كوردانی رۆژهەڵات هەمان كاریگەریی هەیە كە ئەگەر عەلی كیمیایی زیندوبوایە لەلایەن كوردانی رۆژهەڵاتەوە پێشوازی لێبكرایە‌و فەرشی سوری بۆ راخرایە".



PM:03:34:29/12/2014