ئۆجەلان: دەرگای ئیمرالیشم لێ بكەنەوە نایەمە دەرەوە

‌عەبدوڵڵا ئۆجەلان
سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان رایگەیاند، کە ئەگەر بڕیاری ئازادکردن بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، ئازادیش بکرێت، ئەو زیندان بەجێناهێڵێت.

دەمیرتاش رایگەیاند ”لە گفتوگۆکانمان لەگەڵ ئۆجەلان لە زیندانیی ئیمڕاڵی، ئۆجەلان بەئێمەی گوت، ئەگەر دەرگاشم بۆبکەنەوە، من زیندان جێناهێڵم". وەک لە رۆژنامەی حورییەتی تورکی بڵاوکراوەتەوە، دەمیرتاش لەبارەی هۆکاری ئەو گوتەی ئۆجەلان دەڵێت ”ئۆجەلان گوتی، بەجێهێشتنی ئیمڕاڵی بۆمن هیچ مانایەکی نییە، چونکە ئەو هۆکارانەی کە بوونەتە هۆی ئەوەی من بخرێمە زیندان، هێشتا لانەبراون".

هاوسەرۆکی هادەپە باس لەوەش دەکات، کە لە زیندانی ئیمڕالی یاسا و رێکاری تایبەت بەڕێوەدەبرێن، بۆ نموونە سێ ساڵ زیاترە، ئۆجەلان نەیتوانیووە پارێزەرەکانی ببینێت.

دەمیرتاش لەبارەی نیازی ئۆجەلانەوە دەڵێت ”ئۆجەلان مەبەستی لە درێژەدان بە گفتوگۆکان بۆ ئەوەیە، کە دەستوورێکی لەسەر بنەمای ئازادی و کۆمەڵگای مەدەنی بنیاتنراو بێنێتە دی". دەمیرتاش دووپاتیشیکردەوە ”دەوڵەت میکانیزمێک نییە کە کەسێک بیەوێت دەستی بەسەر دا بگرێت". هاوسەرۆکی بەدەپە پێیوایە ”ئەگەر کەسێک ویستی دەست بەسەر دەوڵەت دا بگرێت، ئەوانەی دیکە دووچاری هەڕەشە و ترس دەبنەوە" ئەو گوتیشێ ”پێویستە ئێمە دەوڵەتێک بنیات بنێین، کە دەوڵەتی هەمووان بێت".



PM:03:47:08/01/2015