تەلەفزێۆنێكی ئەڵمانی: وەزارەتی پێشمەرگە بەندیخانەی نهێنی هەیە

‌هەڵگورد حیكمەت

پاش ئەوەی تەلەفزیۆنێكی ئەڵمانی رایدەگەیەنێت وەزارەتی پێشمەرگە بەندیخانەی نهێنی تێدایە، بەڕێوەبەری راگەیاندن و هۆشیاری نیشتمانی لە وەزارەتی پێشمەرگە رەتیدەکاتەوە وەزارەتی پێشمەرگە بەندیخانەی نهێنی هەبێت.

هەڵگورد حیكمەت، بەڕێوەبەری راگەیاندن و هۆشیاری نیشتمانی لە وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە رووداوی راگەیاند، "ئەو بەڕێزە پێشتر گوتەبێژی سوپای ئەڵمانیا بووە لە هەرێمی كوردستان و ئێستا گۆڕاوە، ئەوەیش كە زانیومانە ئەو بەڕێزە لە بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی حكومەتی ئەڵمانیایە و لە روانگەی ئۆپۆزیسیۆن بوونەوە سەیری پرسەكانی كردووە".

لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا، تۆرستەن ستیفان، گوتەبێژی سوپای ئەڵمانیا لە كوردستان ، باسی ئەوەی كرد، كە نازانرێت ئەو چەكانەی دەنێردرێن بۆ پێشمەرگە لەكوێ كۆدەكرێنەوەو چییان لێدێت و لە كوێ بەكاردەهێنرێن .

هەروەها تۆرستەن ستیفان دەڵێ، " ئێمە ناتوانین بە وردی چاودێریی ئەوە بكەین، كە ئەو چەكانە دەبرێنە كوێ . هیچ زانیارییەكمان لەبارەی ئەو فەوج و لیوایانە نییە كە ئەو چەكانەیان پێگەیشتوون ".

هەروەها لەو ئەلقەیەی بەرنامەی (مۆنیتۆر)دا ، كە بڕیارە ئەمشەو كاژێر 21:45 دەقیقە بڵاوبكرێتەوە ، بە پشتبەستن بە قسەی ئەوانەی بەرنامەكە بە "رەخنەگرانی دەسەڵات " ناوی هێناون ، رەخنە لە پێشێلكردنی مافی مرۆڤ لەلایەن پێشمەرگەوە دەگیرێت، كە ئەو "رەخنەگرانەی دەسەڵات " دەڵێن، ئەوان ئەو كاتەی گیراون، لە بەندیخانەی نهێنیدا بەندكراون. ئەو "رەخنەگرانەی دەسەڵات" مەترسیی ئەوەشیان نیشانداوە كە ئەو چەكانەی بۆ پێشمەرگە دەنێردرێن لەوانەیە لە ماوەیەكی كورتدا ، لە دژی ئەوان بەكاربهێنرێن .

كریستیان ستراسیەر Christoph Straesser ، نوێنەری حكومەتی ئەڵمانیا بۆ مافەكانی مرۆڤ ، لە بەرنامەی (مۆنیتۆر)دا رایگەیاندووە، ئەگەر ئەو قسانەی "رەخنەگرانی دەسەڵات " راستبن ، نابێ حكومەتی ئەڵمانیا بەوشێوەیە هاوكاری بداتە پێشمەرگە و دەڵێ " بەندیخانەی نهێنی ، بەتایبەتی ئەو بەندیخانانەی ئەشكەنجەدان، دەبێ دابخرێن ، ئەوە پێشمەرجە بۆ هاوكاریكردنی ئەو شوێنانەی متمانەمان پێیان هەیە ". هەروەها گوتی كە لەو بارەیەوە پرسیارنامەیەك ئاراستەی حكومەتی ئەڵمانیا دەكات .

حكومەتی ئەڵمانیا بە (مۆنیتۆر)ی راگەیاندووە، كە زۆر بەجددی بە دوای هەواڵەكانی پێشێڵكردنی مافی مرۆڤدا دەچێت ، هەروەها روونیكردووەتەوە، كە هیچ ئاگادارنین حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دەرەوەی چوارچێوەكانی هاوكاری سەربازیی، هەڵسوكەوت بكات .

هەڵگورد حیكمەت ئاماژەی بەوەشكرد، كە" ئێمە بەدواداچوون لەسەر ئەو قسانە دەكەین و لەگەڵ گوتەبێژی ئێستای سوپای ئەڵمانیا قسە دەكەین و بە فەرمی وەڵامی ئەو قسانە دەدەینەوە".

سەبارەت بە هەبوونی بەندیخانەی نهێنی لە وەزارەتی پیشمەرگە، هەڵگورد حیكمەت گوتی" وەزارەتی پێشمەرگە هەر بەندیخانەی نییە نەك بەندیخانەی نهێنی، ئەوانەی لە شەڕی دژی تیرۆر بە دیل دەگیرێن، هەموو پێوەرەكانی مافی مرۆڤیان لەگەڵ جێبەجێ دەكرێت و بریندارەكانیان چارەسەر دەكرێن، دواتر چونكە دەكەونە چوارچێوەی تیرۆر رادەستی دەزگای دژە تیرۆر دەكرێن".



PM:02:14:15/01/2015