"لەهەڵبجە کۆدەبنەوە بۆئەوەی هەڵبژاردن ئەنجام نەدرێت"

فیدراسیۆنەکانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی رایدەگەیەنن کە پەرلەمانی کوردستان لە هەڵەبجە كۆدەبێتەوە، بۆئەوەی هەڵبژاردن ئەنجامنەدرێت ! 

لە بەیاننامەیەکدا کە کۆپییەکی بۆ سپی میدیا نێردراوە ئەو رێکخراوانە کە ١١ رێکخراون، دەڵێن: لەبری ئەوەی جەخت لەسەر جێبەجێكردنی یاسای ژمارە (4)ی ساڵی (2009) یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنەكانی پارێزگاو قەزاو ناحیەكانی هەرێمی كوردستان بكەنەوە، بۆئەوەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجە ئەنجامبدرێت، دەچن یاسایەكی موسەكینئاسا دادەتاشن‌و بە بەری ئیدارەیەكی هەڵنەبژێردراوی پارێزگای هەڵەبجەدا دەیدورن، یاسایەك كە تەنهاو تەنها ئیشتهای حزبەكان دەكاتەوە نەك دەنگدەرانی هەڵەبجە.

دەقی بەیاننامەکە   

بۆ پەرلەمانتارانی كوردستان

پەرلەمان لە هەڵەبجە كۆدەبێتەوە، بۆئەوەی هەڵبژاردن ئەنجامنەدرێت ! 

پەرلەمانتارانی بەڕێز، ئێوە دەچن بۆ هەڵەبجە:
- لەپێناو بە یاساییكردنی بەركەوتەی حزبە براوەكانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، نەك بەركەوتەی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجە.
- لەپێناو شەرعیەتدان بەو رێوشوێنانەی كە لە یاسای هەڵوەشاوەی ژمارە (159)ی ساڵی (1969)ی سەردەمی بەعسدا هاتووە، ئەمەش گەڕانەوەیە بۆ دۆخی یاسایی پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، كە لە  30/4/2014 دا ئەنجامدرا. 
- لەپێناو شەرعیەتدان بە پێشێلكردنی یاسا كارپێكراوەكانی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستاندا. 

پەرلەمانتارانی بەڕێز: 
دەستخۆشیتان لێدەكەین كە چوونەتە هەڵەبجەو لەوێ‌ كۆدەبنەوە، ئەمە بەرز دەنرخێنین‌و هەنگاوێكی دڵخۆشكەرە، بەڵام بیرتان نەچێت ئێوە لە هەڵەبجە:
- لەبری ئەوەی جەخت لەسەر جێبەجێكردنی یاسای ژمارە (4)ی ساڵی (2009) یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنەكانی پارێزگاو قەزاو ناحیەكانی هەرێمی كوردستان بكەنەوە، بۆئەوەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجە ئەنجامبدرێت، دەچن یاسایەكی موسەكینئاسا دادەتاشن‌و بە بەری ئیدارەیەكی هەڵنەبژێردراوی پارێزگای هەڵەبجەدا دەیدورن، یاسایەك كە تەنهاو تەنها ئیشتهای حزبەكان دەكاتەوە نەك دەنگدەرانی هەڵەبجە، یاسایەك كە مامەڵەیەكی زۆر شەرمنانەو تێكەڵا‌و پێكەڵ لەتەك هەردوو یاسای ژمارە (3) و (4)ی ساڵی (2009)دا دەكات، كە دەرەنجام رۆحی یاسا پەسەندكراوەكەی هەڵەبجەتان، بۆنی یاسای هەڵوەشاوەی ژمارە (159)ی ساڵی (1969)ی سەردەمی بەعسی لێدێت، نەك دوو یاسا كوردستانییە پێشێلكراوەكە.  
- لەبری ئەوەی یاساكەی هەڵەبجەتان جەخت لەهێنانەپێشەوەی تۆماری دەنگدەرانی هەڵبژاردنی 30/4/2014 بكاتەوە، بۆئەوەی لە هەڵبژاردنی پۆستە ئیدارییەكانیدا پارێزگایەكی تاقانە بێت، یاساكەتان جەخت لە بەركەوتەی حزبە براوەكانی ئەو هەڵبژاردنە دەكاتەوە. 

پەرلەمانتارانی بەڕێز: 
یەكێك لە ئەركە گرنگەكانی پەرلەمان چاودێریكردنە لە دروستی جێبەجێكردنی یاسا دەر‌چوێندراوەكان، هەربۆیە حوكمەكانی هەردوو یاسای ژمارە (3) و (4)ی ساڵی (2009) ئەوەمان بەسەردا ئیلزام دەكەن كە هەریەك لە پۆستەكانی ئەنجومەنی پارێزگاو سەرۆكی ئەنجومەن و پارێزگارو دوو جێگرەكەی لە هەڵەبجەدا، بەهەڵبژاردن یەكلایی بكرێنەوە! كە ئەویش كارێكی گران نییە، لەبەرئەوەی:  
یەكەم: ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەسنورێكی دیاریكراودایە، كەخۆی لە مەڵبەندی (82) لەگەڵ بەشێك لە مەڵبەندی (81)ی كۆمپانیای خۆراكدا دەبینێتەوە.
دووەم: پێویستمان بە ئامادەكردنی تۆماری دەنگدەران نییە، چونكە دەتوانرێت هەڵبژاردن لەسەر ئەو تۆمارە ئەنجامبدرێت، كە لە هەڵبژاردنی (30/4/2014)دا كاری لەسەركراوە، لەگەڵ زیادكردنی لیستی ناوی لەدایكبووانی ساڵی 1996 بۆ وێستگەكانی دەنگدانی هەڵەبجە.
سێیەم: پێویستمان بە دەنگدانی تایبەت نییە، بەسود وەرگرتن لە هێزەكانی ناوخۆی پارێزگای سلێمانی بەمەبەستی كۆنترۆڵكردنی بنكەكانی دەنگدان‌.
چوارەم: داوای هاوكاری لە ئۆفیسی سلێمانی كۆمیسۆنی عێراق بكرێت، بە مەبەستی دابینكردنی (153) سندوق ‌و (306) كابینەی هەڵبژاردن بۆ رۆژی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجە.
پێنجەم: پێڕەوو رێنمایی‌و رێوشوینەكانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان لەلایەن كۆمسیۆنی عێراقەوە دەركراوە، هەربۆیە ئەنجومەنی كۆمسیارانی كوردستان دەتوانێت، بە كەمێك دەستكارییەوە، پەسەندی بكات.
شەشەم: بەپێی ئەو دابەشكارییەی كە پێشتر كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق كاری لەسەركردووە، نەخشەی گشتی هەڵبژاردن لە پارێزگای هەڵەبجەدا پێكهاتووە لە:

كەواتە، پەرلەمانتارانی بەڕێز: 
بۆئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجە، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن‌و راپرسی تەنها پێویستی بە (٣٠) كارمەند هەیە بۆ ناوەندە لاوەكییەكان بە گرێبەستی (٣) مانگ كاركردن، لەگەڵ (٩٠٠) كارمەند تەنها بۆ رۆژی هەڵبژاردن، لەگەڵ بودجەیەكی دیاریكراو بۆ وەگەڕخستنی كاروبارو پێداویستیە لۆجستییەكانی تر.
ئێمە وەك فیدراسیۆن، دووبارە جەخت لەسەر ئەوە دەكەینەوە، لەبری ئەوەی پەرلەمانی كوردستان بیر لە داتاشینی یاسای ناجۆر بۆ ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە بكاتەوە، باشتروایە هەنگاوی دروست لە پێناو ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەو پارێزگایەدا بهاوێژێت، وەك رێزگرتن لە دەنگی دەنگدەرانی پارێزگای هەڵەبجەو گەڕاندنەوە بۆ شەرعیەتی هەڵبژاردن لە پڕكردنەوەی پۆستەكانی ئەو پارێزگایەدا، بە ئامانجی پیادەكردنی سەروەری یاساو گەڕاندنەوەی شكۆ بۆ یاسا كارپێكراوەكان. 

فیدراسیۆنی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی
4/2/2015



AM:11:55:05/02/2015