نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ بان كیمۆن‌و بەرپرسانی ئیماراتی کۆدەبێتەوە

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری دەکات لە لوتکەی حکوومی لە دوبەی و بڕیارە لە پەراوێزی لوتکەکەدا، چەندین دیدار و گفتووگۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئیماراتی و جیهانی ئەنجام بدات. 

بەپێی راگەیاندراوێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ ٩-٢-٢٠١٥، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ هه‌ر یه‌كه‌ له‌ بان كی مۆن سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، شێخ محه‌مه‌د بن ڕاشد ئال مه‌كتووم، جێگری سه‌رۆكی ده‌وڵه‌ت، سه‌رۆك وه‌زیران و حاكمی دوبه‌ی، شێخ محه‌مه‌د بن زاید ئال نهیان جێنشینی ئه‌بوو زه‌بی، جێگری سه‌ركرده‌ی باڵای هێزه‌ چه‌كداره‌كانی ئیمارات و نوێنه‌ری نه‌وه‌د و سێ وڵات له‌ سه‌رۆك و ڕێبه‌رانی حكوومه‌تی وڵاتان و ڕێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، به‌شداری له‌ ڕێوڕه‌سمی كردنه‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی لوتكه‌ی حكوومی له‌ دوبه‌ی كرد. 

سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، به‌ بانگهێشتی فه‌رمیی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیمارات، به‌ سه‌رۆكایه‌تیی شاندێكی حكوومی كه‌ له‌ جێگری سه‌رۆك وه‌زیران، وه‌زیرانی دارایی و ئابووری، سامانه‌ سروشتییه‌كان، پلاندانان و وته‌بێژی فه‌رمیی حكوومه‌ت پێكهاتبوو، دوێنێ ئێواره‌ گه‌یشته‌ دوبه‌ی و چاوه‌ڕێ ده‌كرێت له‌ ماوه‌ی سێ ڕۆژی مانه‌وه‌یدا له‌ ئیمارات، چاوی به‌ گه‌وره‌ به‌رپرسانی ئه‌و وڵاته‌ بكه‌وێت. 

له‌ لوتكه‌ی حكوومیدا له‌ دوبه‌ی كه‌ به‌ دووه‌م گه‌وره‌ترین لوتكه‌ی جیهانی هه‌ژمار ده‌كرێت، زیاتر له‌ چوار هه‌زار به‌شدار كه‌ نوێنه‌رایه‌تیی نه‌وه‌د و سێ وڵات ده‌كه‌ن، له‌ چه‌ندین كۆڕ و سمینار و پانێلی جیادا، ڕێڕه‌و و كاروانی پێشكه‌وتنی حكوومی به‌ره‌و دواڕۆژ، دامه‌زارندن و به‌ره‌وپێشبردنی حكوومه‌تی زیره‌ك، نه‌وه‌ی داهاتووی حكوومه‌ته‌كانی دواڕۆژ، دیزاینكردنی پێشوه‌خته‌ی ئاینده‌، تێگه‌یشتنێكی جیهانی بۆ پێشكه‌وتنی حكوومی و حكوومه‌تداری و چه‌ندین باس و لێكۆڵینه‌وه‌ی دیكه‌ی تایبه‌ت به‌م بوارانه‌، تاوتوێ ده‌كرێت.



PM:02:35:09/02/2015