دەستەی نەزاهەی عێراق بڵاویکردەوە هەریەک لە جێگری سەرۆک کۆماری ئەیاد عەلاوی و جێگری سەرۆکی پەرلەمان ئارام شێخ محەمەد و جێگری سەرۆک وەزیران ساڵح موتلەگ سەروەت و سامانی خۆیان بۆ دەستەکە ئاشکرا نەکردووە.
دەستەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئەو سێ بەرپرسەی عێراق تا کانونی دووەمی ئەمساڵ سەروەت و سامانیان ئاشکرا نەکردووە.
دەستەکە باس لەوە دەکات کە ٢١٤٣ ئیستمارەی بەرپرسەکانی وەرگرتۆتەوە، بەدەنگەوەهاتنی سەرۆکایەتی کۆمار لە دەزگاکانی تری حکومەت زیاتر بووەو رێژەکەی لە ٧٥% بووە، هەریەک لە فواد مەعسوم و نوجێفی و مالکی بەدەنگ داواکەوە چوون و عەلاوی دوا کەوتووەو تا ئێستا پێشکەشی نەکردووە.
هەروەها دەستەکە دەڵێ: سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، عەبادی و ئەعرەجی و رۆژ شاوەیس بەدەنگ داواکەوە چوون و تەنها موتلەگ ماوە.
لە سەرۆکایەتی پەرلەمانیش جەبوری و همام حەمودی بەدەنگ داواکەوە چوون، بەڵام ئارام شێخ محەمەد نەچووە.
ژمارەیەکی زۆریش پەرلەمانتار وەزیر تا ئێستا بۆ دەستەی ناوبراو سەروەت و سامانی خۆیان ئاشکرا نەکردووە.