"پەیوەندی نێوان پەرلەمان‌و دادگاکان هەنگاوێکی گەورەیە بۆ سەروەری یاسا"

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت"هەماهەنگی نێوان پەرلەمانی کوردستان و دادگا و دادوەران و داواکاری گشتی و یاساناسان حاڵەتێكی سرووشتییە و سەروەری یاسا لە هەرێمی کوردستان بەرەوپێش دەبات، ئێستاش هەماهەنگی باش لەو بوارەدا کراوەو زۆربەی پڕۆژە یاساکان پێش دەنگدان بۆچوونی یاساناسان و پسپۆڕانی ئەو بوارەی وەردەگرین، بۆئەوەی لەکاتی دەرچوونیاندا گرفتی یاساییان نەبێت.

ئەم وتانەی سەرۆکی پەرلەمان د.یوسف محمەد سادق، لە میانی سەردانێکیدا هات بۆ دادگای سلێمان سێ کۆبوونەوەی جیاوازی لەگەڵ دادوەرانی تێهەڵچوونەوەی سلێمانی و داواکارانی گشتی و پارێزەران. کە ئەمڕۆ یەک شەممە ١٥ ی ئازار بە یاوەری چەند پەرلەمانتارێکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوەکانی سازکرد.

لە سەرەتادا لەگەڵ دادوەرانی دادگای تێهڵچوونەوەی سلێمانی، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، پەیوەندی نێوان پەرلەمان و دادگاکان و ناوەندی یاسادانان بە هەنگاوێکی گەورەیە بۆ سەروەری یاسا، دادوەران داوایانکرد هەر پڕۆژە یاسایەک دەردەچێت بیر لە جێبەجێکردنی بکرێتەوە.

لەگەڵ داواکاری گشتی و پارێزەرانیش سەرۆکی پەرلەمان و پەرلەمانتارانی لیژنەی یاسایی باسیان لە هەماهەنگی هەردولاکرد لە چاودێریکردنی پاراستنی مافی هاوڵاتیان و بەدواداچوون بۆ کێشەکانیان. داواکارانی گشتی و پاریزەران هاتنی سەرۆکی پەرلەمان و لیژنەی یاسایی بۆ دادگا و داواکاری گشتی هەنگاوێکە بۆ چالاکبوونی داواکاری گشتی و پاراستن و سەروەری یاسا لە کوردستان.



PM:10:26:15/03/2015