"ئامادەکردنی پرۆژە یاسای دەستور بەلایەنی کەمەوە ٣ مانگی پێدەچێت"

دوای رەزامەندی پارتیش لەسەر دەستکردن بەکار لەسەر پرۆژە یاسای یاسای ئامادەکردنی دەستوری هەرێم بۆ راپرسی، سکرتێری پەرلەمان فەخرالدین قادر دەڵێت "بەم هەنگاوەی پارتی‌توانیمان سازدانی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان لەسەر یەکەم هەنگاو گەڵاڵە بکەین".

سکرتێری پەرلەمان فەخرالدین قادر بە سپی راگەیاند " لەکاتی سەردانی سەرۆکایەتی پەرلەمان بۆ لای سەرۆکی هەرێم، گفتوگۆی ئەوەمان کرد کە پێویستە سازدان لەسەر هەموو هەنگاوەکانی پرسی دەستوری هەرێم بکەین، بۆ ئەمەش تا ئێستا نوێنەرانی ئێوە لەلیژنەی یاسایی واژوویان نەکردووە، سەرۆکی هەرێم داوای مۆڵەتی کرد تا رۆژی ٤ شەممە بواری بدەین‌و ئەمڕۆش پارتی پێیان راگەیاندین کە رازین لەسەر دەستکردن بەکار لە پرۆژەی یاسای ئامادەکردنی دەستوری هەرێم بۆ راپرسی".


مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەیەکی خۆیاندا لە پیرمام بڕیاریان دا کە ئەو هەنگاوە لە پرسی دەستوردا بنێنن و بەمەش نوێنەرانیان لە لیژنەی یاسایی پەرلەمانی لە گەڵ نوێنەرانی تر لە لیژنەکە دەستبەکاربن لە پرسی هەنگاوەکانی پرۆژە یاسای دەستووری هەرێمی کوردستان.

فەخرالدین قادر ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە لە پرۆژەکەدا پێشنیار کراوە لیژنەیەکی ٢١ کەسی پێکبهێنرێت لەنەتەوەو ئاین و ئەتنییە جیاوازەکان و لە ئەندام پەرلەمان و کەسانی پسپۆری دەرەوەی پەرلەمان بۆ گفتوگۆکردن و پێشاندانی رای خۆیان لەسەر پرسی دەستورو هەموارکردنەوەی.

سکرتێری پەرلەمان باس لەوە دەکات لە ماوەی سێ مانگدا پاش راوەگرتن و تاوتوێکردن، ئەو دەمە دەستور هەموار دەکرێتەوە.

سەبارەت بەو وادەی سێ مانگە، فەخرالدین قادر پێیوایە ئەگەر کارێکی زۆر چڕوپڕبکرێت ئەوجا رەنگە بتوانرێت لە سێ مانگدا پرۆژەی یاسای ئامادەکردنی دەستوری هەرێم بۆ راپرسی گەڵاڵە بکرێت، ئەو وتی "هەرچەندە زۆر زەحمەتە لەو سێ مانگەدا ئەو پرسە گەڵاڵە بکرێت و ئەوەش پەیوەندی بەکار لەبەرۆشتنی لیژنەکەو رای فراکسیۆنە جیاجیاکانەوە هەیە لە هەموو ئەو جومگانەی لە پرسی دەستوردا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت". 

سەبارەت بە دیاریکردنی وادەی رۆژی ئەنجامدانی ریفراندۆم لەسەر دەستور، سکرتێری پەرلەمان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە وادەکە سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێم ئەو وادەیە دادەنێن.


هەروەها فەخرالدین کەریم وتی : پرۆژەی دەستور وەردەگێڕدرێتە سەر هەموو ئەو زمانانەی لەهەرێم کوردستاندا هەیەو لەمیدیاکانەوە گفتوگۆیەکی زۆری لەسەر دەکرێت بۆ روونکردنەوەی هەموو مادەو بڕگەکانی تا رۆژی ریفراندۆم.     

سکرتێری پەرلەمان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە سەرۆکایەتی پەرلەمان هەوڵدەدات تا دوا هەنگاو پارێزگاری لە سازدانی هەموو فراکسیۆنەکان جیاجیاکان بکەن " بۆ ئەوەی لەئەنجامدا هەرێمی کوردستان ببێت بەخاوەنی دەستورێک کە لەلایەن زۆربەی خەڵكی کوردستانەوە پەسەندبێت".    



PM:06:07:08/04/2015