لاشەی دوری لە باڵوێزخانەی ئەمەریکا لەبەغدا پشکنینی DNA بۆ دەکرێت

لاشەی کەسی یەکەمی حیزبی بەعس عێزەت دووری کە بەرپرسە عێراقییەکان دەڵێن ئەمڕۆ کوژراوە، براوەتە باڵوێزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا تا پشکنینی DNA بۆ بکرێت. ئەمە لەکاتێکدایە کە حیزبی بەعس رایگەیاند " دوری سەلامەتەو هەموو لایەک ئاگادار دەکەینەوە لەعێراق جیهاد دەکات".

لاشەی عێزەت دووری ئەمشەو گەیشتە بە‌‌غداو پشکنینی بۆ دەکرێت، لەکاتێکدا بەرپرسەکانی عێراق جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە پەلە نەکەن لە لێدوان لەسەر کوشتنی دووری.

وتەبێژی حیزبی بەعس خزەیر مورشیدی بە کەناڵی ئەلعەرەبیە ( حەدەس) راگەیاند : عێراقییە شەریفەکان و ئازادیخوازان دڵنیا دەکەمەوە کە ئەو هەواڵە راست نییە، ئەوە تەنها هیوایەکی هەرزان بەهای نۆکەرانە و ئێستا ئەو سەرکردایەتی جیهاد دەکات لە پێناو رزگارکردنی تەواوەتی عێراقدا".

مورشیدی قسەکانی پارێزگاری سەلاحەدین رائید جەبوری بەدرۆ دەخاتەوە و دەڵێت" درۆ دەکات و ئەو نۆکەرێکی بچوکە".

دوری لەدایکبووی ١٩٤٢ ە لەناوچەی دوور لەباکوری عێراق و کەسی دووەم بوو دوای سەدام حسێن لە حیزبی بەعسدا.



PM:09:57:17/04/2015