دۆستەکەی کوردو سیستانی دژی چەکدارکردنی پێشمەرگەن

جێگری سەرۆک کۆماری عێراق ئەیاد عەلاوی کە واناسراوە دۆستی نزیکی سەرکردەکانی کوردە، دژی پڕ چەککردنی کوردو سونەیە کە ئەمەریکا بەنیازە بە بڕی ٧١٥ ملیۆن دۆلار کۆمەکی سەربازی عێراق بە کوردو سونەشەوە بکات.

عەلاوی بە رۆژنامەی ( شەرق ئەوسەت ) راگەیاند: لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆنگرسی ئەمەریکی ئەو پرۆژەیەی پێشنیار کردووە بۆ شاردنەوەی شکستی سیاسەتی ئیدارەی ئەمەریکا بەرامبەر عێراق لەمەڕ پاراستنی ئارامی وڵات و یەکێتی خاکەکەی.

   هەر دوێنێ ١/٥ عەلی سیستانی مەرجەعی گەورەی شیعەکانی عێراق ئەو پرۆژەیەی کۆنگرسی رەتکردەوە و داوا لە عێراقییەکان کرد یەک هەڵوێستی یەکگرتوویان بەرامبەر ئەو پرسە هەبێت.

لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆنگریسی ئەمەریکی بە زۆرینەی دەنگ پرۆژەیەکی خستۆتە بەردەم کۆنگرس و ئیدارەی ئەمەریکا بە پێی ئەو پرۆژەیە لەو ٧١٥ ملیۆن دۆلارەی ئەمەریکا دایناوە بۆ کۆمەککردنی سەربازی حکومەتی بەغدا، هاوکات کۆمەککردنی کوردو سونە لەدەرەوەی حکومەتی بەغدا، لەپەرلەمانی عێراق هاوپەیمانی شیعە دژی ئەم پرسە وەستایەوە، بەڵام کوردو سونە پێشوازی لێدەکەن.



AM:11:03:02/05/2015