د. نەجمەدین کەریم بەجیا لەوەفدەکەی هەرێم لە ئەمریکایە

‌د. نەجمەدین کەریم و ماکێن
پارێزگاری کەرکوک د.نەجمەدین کەریم بەجیا لەگەڵ بارزانی لە ئەمریکایە. تا ئێستا نەزانراوە ناوبراو بۆ چۆتە ئەمەریکا و ئایا هیچ هەماهەنگییەکی لەگەڵ وەفدی هەرێم بەسەرۆکایەتی بارزانی هەیە، یان بۆ بەیەک وەفد نەچوون؟.

پارێزگاری کەرکوک د. نەجمەدین کەریم لە ٢٧/٤ لەئەمەریکایەو لە رۆژانی رابردوودا چاوی بە 
 یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری خۆرهەڵاتی ناوین- سیناتۆری كۆماری جۆن ماكین-كریس ڤان هۆڵن ئەندامی كۆنگرێس-ئەنجومەنی بازرگانی ئەمریكی كوردستانی- پەیمانگەی ئەنجومەنی ئەتلانتیك-  پەیمانگەی واشنتۆن بۆ كاروباری خۆرهەڵاتی نزیك بە جیا بینیوە.

رێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە وەكالەت دەڵێت "دكتور نەجمەدین بە منی وت ئەچم سەردانی ئەمریكا ئەكەم‌و ئەگەڕێمەوە، بەڵام هۆكارەكەی پێی نەوتم.”

ئاسۆ مامەند ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوک لەسەر ئەو سەردانە بە ماڵپەڕی (کەرکوک ناو) ی راگەیاندووە "بە ئێمەی وتووە سەردانی ئەمریكا دەكەم، بەرپرسانی ئەمریكا دەبینم لەسەر وەزعی عێراق‌و ئەو كێشانەو ئەو بابەتانە، بەڵام نازانم لەوێ بارزانی دەبینێت یان نا، بەدڵنیاییەوە هەردوكیان لەوێ بن یەك دەبینن".

ئەم سەردانەی د.نەجمەدین بۆ ئەمەریکا لەکاتێکدایە کە وەفدێکی باڵای هەرێم بە سەرۆکایەتی بارزانی و بەشداری جێگری سەرۆکی حکومەت قوباد تاڵەبانی و وەزیری ئاوەدانکردنەوە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ کە هەردووکیان لە حیزبەکەی د. نەجمەدین کەریمن لە وەفدەکەی هەرێمدان و لە ئەمەریکان.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی راگەیاند هەرچەندە تا ئێستا نەزانراوە بۆ د. نەجمەدین کەریم بەهاوئاهەنگی لەگەڵ وەفدەکەی هەرێمدا نەچووە، بەڵام بەدووری نەزانی کە ئەو سەردانەی ناوبراو بەشێک نەبێت لە ملانێ شەخسییەی پارێزگار لەگەڵ بارزانیدا هەیەتی.



AM:11:10:07/05/2015