هێشتا نەحکومەت نەپەرلەمان بڕیاریان نەداوە وەفد بنێرن بۆ بەغدا

لە کۆنگرەی رۆژنامەگەریدا سەرۆکی پەرلەمان‌و سەرۆکی حکومەت ئاماژەیان بۆ ئەوە کرد نەپەرلەمان و نەحکومەت بڕیارمان نەداوە وەفدی بنێرین بۆ بەغدا.

 دوای کۆبوونەوەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکی حکومەت و چەند وەزیرێک، نێچرڤان بارزانی رایگەیاند: کۆبوونەوەمان لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق د. عادل عەبدولمەهدی کە ئێستا لە هەرێمە بەردەوامەو ئەمڕۆ وەزیری دارایش، هۆشیار زێباری دەگاتەوە هەرێم و لەسەر کێشەی بوودجەی هەرێم درێژە بە کۆبوونەوەکانمان دەدەین.

سەرۆکی پەرلەمانیش جگە لە پشتگیری هەنگاوەکانی حکومەت، لەوەڵامی پرسیارێکدا کە کەی وەفد دەنێرن بۆ بەغدا، د. یوسف محەمەد وتی: چوونی وەفدی پەرلەمان پەیوەندی بەو سەردانەوە هەیە کە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق د. سەلیم جەبوری ئەنجامی دا بۆ پەرلەمانی کوردستان، تا ئێستا بەرنامەرێژی بۆ نەکراوە کەی سەردانی بەغدا دەکەین.

سەرۆکی حکومەت، نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ئەوان جەخت لەسەر جێبەجێکردنی یاسای بوودجەی پەرلەمانی عێراق دەکەنەوە، ئەگەر بەغدا ئەوەش ناکات ئامادەین رێککەوتنێکی تریان لەگەڵ ئەنجام بدەین، ئەگەر ئەوەش نەکرا ئەوا بیر لە رێگا چارەیەکی تر دەکەینەوەو رێگایەکی تر دەگرینە بەر. ( ئاماژەیە بۆ ئەوەی هەرێم خۆی بەسەربەخۆ نەوت دەفرۆشێت).

نێچیرڤان بارزانی لەو کۆنگرە رۆژنامەگەریەدا ئەوەی ئاشکرا کرد کە سەردانەکەی بارزانی و وەفدی هەرێم بۆ ئەمەریکا و چەند وڵاتێکی تر، بەئاگاداری حکومەتی بەغدا کراوەو پێش وەخت پێییان راگەیەنراوە.

ئەم کۆنگرە رۆژنامەگەریە دوای ئەو کۆبوونەوەیە دێت کە سەرۆکی حکومەت و وەفدێکی حوکمی لەگەڵ سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکاندا سازیان کرد.  



PM:12:45:14/05/2015