ئاماری قوربانیانی مانگی رابردوو لە عێراق راگەیەنرا

بەپێی ئاماری رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان لەمانگی رابردوودا لە عێراق زیاتر لە 1000 كەس كوژراون‌و دوو هێندەش برینداربوون.

بەپێی بەیاننامەیەكی نێردەی تایبەتی سكرتێری رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان لە عێراق لەمانگی رابردوو 1133 كەس كوژراون كە 665 كەسیان هاوڵاتی مەدەنین.

هەروەها هەر لەو ماوەیەدا 2165 كەسیش برینداربوون كە لەو ژمارەیەك 1313 كەسیان هاوڵاتی مەدەنین.

بەپێی به‌یاننامه‌یه‌كە شاری به‌غدا له‌مانگی ئایاردا زۆرترین هاوڵاتی عێراقی تێدا بوه‌ته‌ قوربانی، به‌شێوه‌یه‌ك له‌و مانگه‌دا له‌به‌غدا (343) كه‌س كوژاراون‌و (701) كه‌سیش برینداربوون، دوای به‌غداش دیاله‌ به‌دووه‌م پارێزگای عێراق دێت كه‌ زۆرترین هاوڵاتی مه‌ده‌نی تێدا بونه‌ته‌ قوربانی، چونكه‌ له‌دیاله‌ له‌مانگی ئایاردا (134) هاوڵاتی كوژراون‌و (88)ی دیكه‌ش برینداربوون، پارێزگای (سه‌لاحه‌دین)یش به‌پله‌ی‌ سێیه‌م دێت، له‌مانگی ئایاردا (24) هاوڵاتی كوژراون‌و (32) هاوڵاتیش برینداربوون‌و پارێزگای نه‌ینه‌واش به‌پله‌ی‌ چواره‌م دێت، كه‌ (22) كه‌س كوژراون‌و (16) كه‌سیش برینداربوون‌و شاری (كه‌ركوك)یش به‌پله‌ی‌ پێنجه‌م دێت، كه‌ له‌مانگی ئایاردا ته‌نیا شه‌ش كه‌سی تێدا برینداربووه‌.

ئاماره‌كه‌ی‌ یۆنامی پارێزگای ئه‌نباری جیاكردۆته‌وه‌ كه‌ له‌پارێزگای ئه‌نبار له‌مانگی ئایاری (2015)دا، (102) كه‌س كوژراون‌و (481) كه‌سیش برینداربوون، كه‌ (29) كوژراوو (267) برینداریان له‌شاری ڕومادی سه‌نته‌ری پارێزگای ئه‌نبار بوون‌و (73) كوژراوو (214) برینداریشیان، له‌قه‌زای‌ فه‌لوجه‌ی‌ سه‌ر به‌پارێزگای ئه‌نبار بوون.

ئاماره‌كه‌ی‌ یۆنامی باسی له‌وه‌شكردووه‌، له‌و ژماره‌ كوژراوه‌، (366) كه‌سیان سه‌ر به‌هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌و سوپای عێراق‌و میلیشیاكانی عێراق بوونه‌، كه‌ هاوشانی سوپای عێراق، دژ به‌چه‌كدارانی گروپی تیرۆرستی داعش ده‌جه‌نگن.



PM:03:24:02/06/2015