" ئەگەر فواد مەعسوم ناتوانێت پابەند بێت بە سوێندەکەیەوە بیدات بە مالکی"

فراکسیۆنی حیزبی دەعوە لە پەرلەمانی عێراق رەخنەی توند لە د. فواد مەعسوم دەگرن و دەڵێن: ئەگەر ناتوانێت پابەند بێت بەو سوێندخواردنەی لە کاتی وەرگرتنی پۆستەکەیدا رایگەیاند، ئەوا داوا دەکەین ئەو کارە بسپێرێت بە جێگەرەکەی، مالکی، تا حوکمی لە سێدارەدان بسەپێنێت بەسەر "تیرۆریستەکان"دا.

لە بەیانێکدا کە ٦/١٧ بڵاوکرایەوە، کوتلەی دەعوەی ئیسلامی رەخنەی توند لەسەرۆکی عێراق دەگرن و بەوە تۆمەتباری دەکەن کە دەستور جێبەجێناکات و سەرۆکی وڵات خەڵکی عێراقی دووچاری بێ ئومێدی کردووە کە ئیمزا لەسەر ٧٠٠٠ تۆمەتبار ناکات کە بە تیرۆر تاوانبارن و پێویستە لە سێدارەبدرێن.
 
ئەوان داوا دەکەن ئەو کارە بە جێگەرەکەی نوری مالکی بسپێرێت.

وتەبێژی سەرۆک کۆماری عێراق خالید شوانی بە میدیاکانی راگەیاند : ژمارەی ئەو کەسانەی حوکمی لە سێدارەدانیان بۆ دەرچووە ٧٠٠٠ تۆمەتبار نییەو تەنها ٦٠٠ کەسن.

شوانی بە میدیاکانی راگەیاند ئەو ٦٠٠ کەسەش تەنها ١٦٠ تۆمەتباریان بە تۆمەتی تیرۆر حوکمدراون، هەروەها ئەو ٦٠٠ کەسە هەموو ئەو کەسانەن کە لە ٢٠٠٦ ەوە تا ئێستا حوکمی لەسێدارەدانیان هەیە.

وەزیری داد حەیدەر زاملی لەسەر ئەو پرسە دەڵێت:  پاشئەوەی سەرۆک رزای نابێت واژووی ئەو حوکمانە بکات، ئەوا دەخرێتەوە بەردەم پەرلەمان تا بڕیاری لەسەر بدرێت و بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.



AM:11:27:17/06/2015