ئێمنکی داوا لەسکرتێری پەرلەمان دەکات واژووی خۆی بکشێنێتەوە

جەعفەر ئێمنکی وەک جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان داوا لە سکرتێری پەرلەمانی کوردستان فەخرەدین قادر دەکات کە ئیمزای خۆی لەسەر بەرنامەی کاری کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بکشێنێتەوە، تا کۆبوونەوەی پەرلەمان لەسەر پرۆژەکانی یاسای هەموارکردنەوەی سەرۆکی هەرێم ئەنجام نەدرێت.

 

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی میدیای راگەیاند: ئەمڕۆ جێگری سەرۆکی پەرلەمان جەعفەر ئێمنکی لە دیدارێکی دوو قۆڵیدا داوا لە سکرتێری پەرلەمان فەخرەدین قادر دەکات کە واژووی خۆی لەسەر بەرنامەی کاری کۆبوونەوەی سبەینێی پەرلەمانی کوردستان بکشێنێتەوە کە سێ پرۆژە یاسا بۆ هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم لە بەرنامەی کاردا جگە لەچەند خاڵێکی تر.

 

سپی بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە پەیوەندی کرد بە سکرتێری پەرلەمانی کوردستان، فەخرەدین قادرەوە، ناوبراو لای خۆیەوە زانیارییەکانی پشتڕاستکردەوەو وتی" بەڵێ جێگری سەرۆکی پەرلەمان ئەم داوایەی بەناوی پارتی دیمکراتی کوردستانەوە لێ کردووم، منیش لای خۆمە وەلآمم داوەتەوە کە ئەوە ناکرێت و ئەو کارەی ئێمە کردوومانە کارێکی یاساییەو بە پشتبەستن بە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان ئەنجاممان داوە".

 

سەبارەت بە وەلآمی سکرتێری پەرلەمان بۆ ئەو قسانەی جەعفەر ئێمنکی، فەخرەدین قادر وتی: ئێمە کارێکی نا یاسایمان نەکردووەو بەپێی پەێرەوی ناوخۆی پەرلەمان کار دەکەین و ئەو پرۆژە یاسایانەی بەیانیش لەبەرنامەی کاردایە بە پرۆژەکانی هەموارکردنی یاسای سەرۆکایەتیشەوە کارێکی یاساییەو بەپێی سسیتەم و پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانە هەنگاوی بۆ نراوە.

 

ئەو دەڵێت: ئێمە پێمانوایە پرسی سەرۆکایەتی هەرێم بەتەوافق یەکلایی دەکرێتەوە لەنێوان لایەنەکاندا، بەلآم دواتر کارەکەی لە پەرلەمان دەکرێت بەیاساو دادەرێژڕێت.

فەخرەدین قادر سکرتێری پەرلەمانی کوردستانەو سەر بەکۆمەلێ ئیسلامییە، بۆ خستنە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکانی پەرلەمان دەبێت سەرۆکی پەرلەمان و سکرتێر واژووی لەسەر کارنامەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان بکەن، ئەگەر سەرۆک ئامادە نەبوو جێگری سەرۆک و سکرتێر واژووی لەسەر دەکەن، ئێستا بەرنامەی کاری کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان دراوە بە پەرلەمانتاران و سێ بابەتی لەشەش بابەت هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمە کە ئەوانیش پرۆژەکانی گۆڕان و یەکێتی و ئیسلامیەکانە کە وابڕیارە سبەی خوێندنەوەی یەکەمیان بۆ بکرێت. 



PM:05:52:22/06/2015