پەرلەمانی کوردستان داکۆکی لە بەندیخانەی موحەتەی هەولێر دەکات

حکومەتی دەیەوێت بەندیخانەی محەتەی هەولێر بروخێنێت، کۆمەڵێک رێکخراو دەیانەوێت بکرێتە مۆزەخانە، پەرلەمانیش بەداواداچوونی بۆ دەکات.

بڕیارە زیندانی موحەتەی هەولێر بڕوخێنرێت و شوێنەکەی بکرێتەوە پارک، کۆمەڵێک لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و نووسەران و هونەرمەندانیش ناڕەزایی دەردەبڕن و دەڵێن پێویستە بەشێک(لەزیندانی مەحەتە)وەک سیمبوڵی ستەمکاریی بەعس بهێڵرێتەوە و بکرێتە مۆزخانەیەکی هونەریی، پارێزگاری هەولێریش سوورە لە سەر ڕوخاندنی ئەو بینایەو کردنی بە پارکێکی مۆدێرن. لیژنەی ڕۆشنبییریی پەرلەمانیش بەدواداچوون بۆ ئەو کێشەیە دەکات.

 سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەک شەممە، ٢٨ حوزەیران، کۆمەڵێک لە ڕێکخەرانی کەمپینی(بەڵێ بۆ مانەوەی زیندانی مەحەتە وەک مۆزەخانە)سەردانی لیژنەی ڕۆشنبیریی پەرلەمانیان کرد و لەگەڵ فەرحان جەوهەر سەرۆکی لیژنەی ڕۆشنبیریی پەرلەمان کۆبوونەوە.
 ڕێکخەرانی کەمپینەکە وتیان"ئێمە ماوەی سێ ساڵە کار بۆ نەڕووخانی ئەم شوێنە دەکەین، هەمو هەوڵێکمان ئەوەیە ئەم شوێنە بکرێتە مۆزەخانە، بۆ ئەو مەبەستەش دیزاین و هەمو کارە هونەرییەکانمان ئامادەکردووە. بەڵام بەداخەوە پارێزگاری هەولێر سوورە لەسەر ڕوخاندنی."

سەرۆکی لیژنەی ڕۆشنبیریی پەرلەمان، وتی "لەگەڵ پارێزگار و جێگری پارێزگار و ئەنجومەنی پارێزگا قسەمانکردووەو بەدواداچوونمان بۆ ئەو کێشە کردووە، ئێمە لەگەڵ زیادکردنی سەوزایین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بوونی مۆزەخانە و ئەو شوێنە مێژووییانە بۆ پایتەختی هەرێمی کوردستان بایەخ و کاریگەریی خۆی هەیە ."



PM:08:46:28/06/2015