پارتی‌و یەكێتی جیاوازییان هەیە
زانیاریی ورد لەسەر كۆبونەوەوەكەی ئەمرۆ

كۆبوونەوەی هەردوو شاندی پارتی‌و یەكێتی كە ئەمڕۆ لەسەر پرسی سەرۆكایەتی هەرێم‌و نوسینەوەی دەستور بەڕێوەچوو، كۆتایی پێهات‌و لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەگەریدا كە نێچیرڤان بارزانی‌و بەرهەم ساڵح سازیان كرد، جەخت لەسەر هەبوونی جیاوازی نێوانیان كرایەوە.

پاش كۆبوونەوەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسیدا د. بەرهەم ساڵح، جێگری دووەمی سكرتێری یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایگەیاند: لەدوای 24 ساڵ حوكمڕانی هێشتا كێشەی زۆرمان هەیە تا چارەسەر بكرێن. ئاماژەی بەوەشدا كە یەكێتی هیچ رێكەوتنێكی پێشوەختی لەگەڵ هیچ لایەنێكدا نیە.

وتیشی : ئەمرۆ یەكێتی‌و پارتی ناكرێت لایەنەكانی دیكە وەلابنێن‌و ئەوانیش ناتوانن یەكێتی‌و پارتی وەلا بنێن.

د. بەرهەم ئاماژەی بەوەشدا كە دوو بۆچوون هەیە "بۆچوونێك كە كاك نێچیرڤان ئاماژەی پێدا كە پرسەكان لە دەستوردا یەكلایی بكرێتەوە، بۆچونەكەكەی تر پێیوایە لە هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمدا هەندێ پرس یەكلایی بكرێتەوە".

هەر لەو كۆنگرە رۆژنامەنوسییەدا نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان وتی: پارتی هیچ كێشەیەك لەسەر سیستمی پەرلەمانی نیە‌و ئەوان لەگەڵ سیستمی پەرلەمانین، بەڵام وردەكارییەكان  جیاوازن. وتیشی پێویستە هەوڵبدەین لەم قۆناغە دەرباز ببین‌و ئامادەین گفتوگۆ لەسەر دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم بكەین.

جێگری سەرۆكی پارتی وتیشی: قسەكانی ئێمەلەگەڵ یەكێتی هییج جیاوازییەكی نیە.

وتیشی: من لە حكومەتدا بۆ هیچ بڕیارێك رێگرم بۆ دروست نەكردون‌و كارەكان بە تەوافوق رۆیشتووە بەڵام ئەوەی نەدەبوایە ئەوەی پەرلەمان رووی بدایە، ئێستاش كۆتایی دنیا نیە‌و پرسەكان بەگفتوگۆ چارەسەر دەكرێت.

لەكۆنگرە دا هەر دوو لا جەختیان لەسەر ئەو كردەوە كە پرسەكە بە گفتوگۆ چارەسەر بكرێن.

بڕیاروایە پاش كەمێكی تر وەفدەكەی پارتی لەگەڵ شاندی بزوتنەوەی گۆڕان كۆببێتەوە.

شاندەكەی پارتی پێكهاتوون لە: نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی، فازل میرانی، تەها بەرواری، ئازاد بەرواری، دڵشاد شەهاب و ڕۆژ نوری شاوەیش.

هەفتەی ڕابردوو پارتی دیموکراتی کوردستان شاندێکی پێکھێنا بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنەکاندا لەسەر پرسی سەرۆکایەتی هەرێم، دوای ئەوەی پەرلەمانی کوردستان لە ٢٣ی حوزەیرانی ڕابردوودا خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پرۆژە یاساکانی هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم کرد



PM:02:31:05/07/2015