ئامادەکردنی: ئاوات ئەحمەد سوڵتان
ده‌مێك بوو دایه نه‌جمه له‌ناو کونه‌ته‌یاره‌که‌دا خه‌وتبوو، کات نزیکی ئێواره ببۆوه که بۆنێکی خۆش گه‌یشته لووتی:
- ئایشه گه‌ڵای له‌کوێ په‌یدا کردووه، خۆزگه پێم بووتایه ئه‌و تۆزه دووگه‌شی تێبکات که له‌ژێر سه‌به‌ته‌که‌دا دامنابوو.
ئیتر هه‌روا به تامه‌زرۆیی‌و بێ ئەوەی جووڵەیەک بکات، چاوه‌ڕوانی بانگ بوو، تا رۆژووه‌که‌ی به نۆبه‌ره‌ی یاپراخی گه‌ڵامێو بشکێنێت.
ئه‌و رۆژه 17 ی ره‌مه‌زانی 1988 بوو، شوێنکه‌ش گوندی گۆپته‌په‌ی ئاغجه‌له‌ر بوو. بۆنی یاپراخه‌که دایه‌ی گه‌ڕاندبۆوه بۆ ساڵانێکی دوور که تازه شووی کردبوو، ئەو کاتانەی بەردێکی پانیان هەبوو پێیان دەووت بەردی سەر یاپراخ..... ده‌نگی ئایشێ بیرکردنه‌وه‌که‌ی لێ تێکدا:
- دایه من و خه‌جێ ده‌چینه‌وه ناودێ به‌لای ماڵه‌کانمانه‌وه، ده‌مێکه نه‌چویین، تۆ ئاگایه‌کت له چێشته‌که بێت"
چووە پێشەوەو به‌دیار سێ کوچکه به‌رده‌که‌و مه‌نجه‌ڵه ره‌شه‌که‌وه تروشکه‌ی کرد‌و چاوی بڕییه کچه‌کانی که دوور ده‌که‌وتنه‌وه. له‌ناکاو هاژه‌ی ته‌یاره به‌سه‌ر ئاوایی‌دا هێمنی ناوچه‌که‌ی شڵه‌ژاند. زۆر گوێی پێنه‌داو چاوه‌ڕوانیکردنی بانگی ئێواره‌ی لا گرنگتر بوو. ته‌یاره‌کان خولێکیان خوارد‌و پاشان ناودێیان بۆردومان کرد، که‌چی له‌بری ناڵه‌و گرمه‌ی ته‌قینه‌وه‌کان، یه‌ک دوو ته‌په‌ی کپ هاتن و بۆنێک به‌وناوه‌دا بڵاو بووه‌وه‌و گه‌یشته لووتی دایه نه‌جمه‌ش که له‌به‌رخۆیه‌وه بیری له‌وه ده‌کرده‌وه که "له‌بۆنی سیر ده‌چێت".
بیری نەماوە چۆن هه‌واڵه‌که‌ی زانی و کێ پێی وت، هێندە نەبێت که ده‌گاته سه‌ر ئایشێ، ده‌بینێ له‌سه‌ر پشت که‌وتووه‌و که‌فاو به لالغاوه‌یدا دێته خواره‌وه. هه‌رچه‌ند رایده‌وه‌شێنێت و ده‌یه‌وێت قسه‌ی له‌گه‌ڵ بکات، تاکه شتێک که نیشانه‌ی مانی کچه‌که‌ی بوو، ئه‌و که‌فه بوو که لالغاوه‌ی ده‌چۆڕا.
ده‌بوو جێیبهێڵێت، مشورێکی بخوات، خۆی ده‌کات به ماڵیاندا له‌ناو دێ، ره‌حمانی مێردی تێگه‌یاندو به‌هه‌ردوکیان که‌وتنه گه‌ڕان بۆ تراکتۆرێک تا بیگوێزنه‌وه. دونیا به‌ره‌و تاریکی ده‌ڕۆیشت، هه‌موو که‌سه‌کانی ناودێ ئه‌وه‌نده ئاویان کردبوو به سه‌روچاو و جله‌کانی خۆیاندا، ده‌تووت بارانێکی به‌خوڕ باریوه.
نه‌جمه شه‌ست و یه‌ک ساڵی ته‌مه‌نی به‌دوای خۆیدا کێش ده‌کردو وه‌ک لاشه‌یه‌کی بێ‌گیان له‌گه‌ڵ ره‌حمانی مێردیدا به‌ره‌و ماڵی خۆیان ده‌گه‌ڕانه‌وه، رووداوه‌کان له‌پێشچاوی لێڵ ببوون، چاوەکانی به‌رده‌وام ده‌برژانه‌وه‌و فرمێسکیان لێده‌چۆڕا، له‌ناکاو که‌سێک دێته به‌ر چاوی و واده‌زانێت که "ئه‌وه ئایشێیه"، ئەوە خه‌جێ بوو به دوو پیاو ده‌ستیان گرتبوو به کوێره‌کوێر ده‌یانهێنایه‌وه بۆ ماڵه‌وه. کچه‌که هۆشی له‌ده‌ست دابوو، به‌رده‌وام ده‌یقیژاندو هاواری ئایشێی ده‌کرد.
دایە نەجمە سه‌ری لێ‌شێوا، توانای بیرکردنەوەی نەما، هەروا لەجێگای خۆی کزۆڵەی کرد... دواتر کە پێیان وت کوڕ‌و کچەکەی تریشی عەلی (١٣ ساڵ) و سارا (١١ ساڵ) دیارنین و سۆراخیان نیە، هیچی نه‌کردو له‌جێگای خۆی نه‌بزوا.
ره‌حمان چوو به‌دوایاندا بگه‌ڕێ. نه‌جمه به هه‌ر شێوه‌یه‌ک بێت توانی خه‌جێ بخه‌وێنێت، راستییەکەی دایە نەجمە وای دەزانی خەوتووە، بەڵام خه‌جێ بوورابۆوه. له‌ناکاو گوڕێکی تێگه‌ڕاو له‌ماڵ هاته ده‌ره‌وه‌و چوو بۆ ماڵی حاجی ئه‌حمه‌دی براگه‌وره‌ی که دراوسێیان بوون، تا هه‌واڵێک بزانێت.
له‌وێ جامێک ماستاوی ده‌ده‌نێ، له‌گه‌ڵ خواردنه‌وه‌یدا ده‌ڕشێته‌وه. له‌گه‌ڵ رشانه‌وه‌که‌دا وایده‌زانی ده‌مرێت، هه‌ستی به ئاونگی گیانده‌رچوون ده‌کرد له گیانی داده‌چۆڕی. وه‌لێ قه‌ده‌ر شتێکی تری حه‌شاردابوو، ڕشانه‌وه‌که به‌خێر گه‌ڕاو بووه هۆی رزگاربوونی له‌و ماده ژه‌هراوییه‌ی چووبووه ناو له‌شیه‌وه.
به یاریده‌ی حاجی و ژنه‌که‌ی گه‌ڕایه‌وه بۆ ماڵی خۆیان، هێشتا نه‌چووبووه ژووره‌وه که خه‌جێ هاته‌وه هۆش خۆی و کردی به قیژه‌قیژو توند باوه‌شی کرد به دایکیدا که یه‌کسه‌ر که‌وته لاواندنه‌وه‌ی و هێوری کرده‌وه. ئه‌و چاوی نه‌یده‌بینی، به ده‌نگیدا ده‌یناسییه‌وه که ئه‌وه دایکێتی و ئارامیی تێده‌گه‌ڕا.
دره‌نگانێ ره‌حمان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و عه‌لی و سارای دۆزیبۆوه، هه‌واڵی ئه‌وه‌شی پێده‌بێت که عه‌به‌ی کوڕیان له له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ک خه‌ڵکی ئاوایی‌دا ویستبوویان به‌ره‌و به‌رزی رابکه‌ن، بەڵام لە دامێنی چیاکه‌دا گیانی ده‌رچووه. دایه نه‌یده‌زانی دڵێ به هاتنه‌وه‌ی کوڕ‌و کچه‌که‌ی خۆش بێت، یان خه‌م بۆ مردنی کوڕه‌که‌ی تری بخوات.
بڕیارده‌ده‌ن هه‌ر ئه‌و شه‌وه گۆپته‌په جێبهێڵن، کچێکی تریشیان هه‌بوو ناوی زوبێده بوو، هه‌ر له دێکه‌ی خۆیان شووی کردبوو، سێ منداڵیشی هه‌بوو. ره‌حمان نه‌جمه‌و منداڵه‌کان ده‌خاته تراکتۆری ناسیاوێکیانه‌وه‌و خۆشی ده‌ڕوات بۆ لای کچه‌که‌ی تری، به‌هیوای ئه‌وه‌ی دواتر یه‌ک بگرنه‌وه. نه‌جمه ناڕوات و پێداده‌گرێت که ده‌بێت ته‌رمی ئایشێش له‌گه‌ڵ خۆی ببات.
ده‌چنه سه‌ر تەرمەکە، ده‌بینن رۆحی تێدا ماوه، له به‌تانییه‌کییه‌وه ده‌ئاڵێنن و له‌گه‌ڵ خۆیان ده‌یبه‌ن.
ژماره‌یه‌ک تراکتۆر له گۆپته‌په‌وه ده‌که‌ونه ڕێ به‌ره‌و گوندی ته‌وه‌که‌ل. نه‌جمه سه‌ری خه‌جێی نابوو به سنگییه‌وه‌و هه‌روا سه‌یری ئایشه‌ی ده‌کرد، ئاگای لێ‌بوو، به‌رله‌وه‌ی بگه‌نه ئاواییه‌که ئایشێ گیانی ده‌رچوو. لەو کاتەدا دەنگێک ڕایچڵەکاند: جاشەکان قابلەمەیەکی فافۆنیان لە تراکتۆرەکەی خۆیانەوە فڕێ دا، کەوتە بەرچاوی دایە نەجمەو ناسییەوە.
** **
ده‌گه‌نه پێشه‌وه ژماره‌یه‌کی زۆر له سه‌رباز و جاشه‌کان ده‌بینن که کۆمه‌ڵێک تراکتۆریان راوه‌ستاندبوو، پیاوه‌کانیان داگرتبوو، پرسیاریان لێده‌کردن. تازه بواری گه‌ڕانه‌وه نه‌مابوو. ئه‌مانیش هه‌موویان ده‌ستگیرکران و بر‌دیانن به‌ره‌و گوندی کانی شه‌یتان. که‌ده‌گه‌نه به‌ره‌وه دونیا رووناک ده‌بێته‌وه‌و لای کانی و ئاوێک ده‌وه‌ستن و جاشه‌کان بواریان ده‌ده‌ن ئاوبخۆنه‌وه‌و ده‌موچاویان بشۆن. که ئاو ده‌گاته سه‌روقژیان، زۆربه‌یان ده‌ڕشێنه‌وه‌و دواتر هه‌ستده‌که‌ن باشتر بوون. ماوه‌یه‌ک ده‌ڕۆن و پاشان رایانده‌گرن و سواری زیلی سه‌ربازییان ده‌که‌ن به‌ره‌و ته‌کیه، نه‌جمه ته‌رمی ئایشێ له‌گه‌ڵ خۆی ده‌بات. کاتێک نزیکی ته‌کیه ده‌بنه‌وه ژماره‌یه‌ک دره‌خت ده‌بینن، عه‌لی فرسه‌ت ده‌هێنێت و له زیله‌که خۆی هه‌ڵده‌داته خواره‌وه‌و له‌به‌رچاو ون ده‌بێت. نه‌جمه خۆی تێک نادات و له ناخی خۆیدا هه‌ستده‌کات که ئه‌میشی له‌ده‌ست چوو.
له ته‌کیه به شێوه‌یه‌کی چاوه‌ڕواننه‌کراو ئازادیان ده‌که‌ن، نه‌جمه‌و سێ کچه‌که‌ی ده‌چنه ماڵێک و ئه‌وانیش مه‌ڵحه‌م و قه‌تره‌یان بۆ په‌یدا ده‌که‌ن و چاوه‌کانیان تیمار ده‌که‌ن. پیاوێک که ناوی کاکه برابوو، ته‌رمی ئایشێ ده‌بات بۆ ماڵی خۆیان. عه‌لی که رایکردبوو توانیبووی بگاته ناو ته‌کیه‌و ماڵێک داڵده‌یان دابوو، هه‌ر چاوه‌چاوی بوو که‌سوکاره‌که‌ی خۆی بدۆزێته‌وه، به ڕێکه‌وت کاکه برا ده‌بینێت و پێکه‌وه ته‌رمی ئایشێ ده‌که‌ن به‌ژێر خاکه‌وه.
رۆژێکی تریش له ته‌کیه ده‌مێننه‌وه، پاشان حه‌مه‌ی زاوای دێت و خێزانه‌که ده‌بات بۆ ماڵی خۆیان له که‌رکوک. به‌ڵام ئه‌وه زۆر مه‌ترسیدار بوو، ترسی ئه‌وه‌شیان هه‌بوو خه‌جێ به هاوارو قیژه‌قیژ ئاشکرایان بکات، بۆیه رۆژی دواتر، ده‌یانبات بۆ سلێمانی بۆ ماڵی عوسمانی موزه‌مید، که خزمی باوکی نه‌جمه بوو.
عوسمان به دزییه‌وه له خه‌سته‌خانه ده‌رزی ده‌هێناو بۆ خه‌جێی به‌کارده‌هێنا، ورده ورده له ماوه‌ی سێ مانگدا چاک بووه‌وه. ماوه‌یه‌کی تریش لای عوسمان ده‌مێننه‌وه، پاشان ده‌گه‌ڕینه‌وه بۆ ته‌کیه‌و سه‌ردانی گۆڕی ئایشێ ده‌که‌ن، هه‌رله‌وێ هه‌واڵیان پێده‌گات که عه‌به له ناو گوندی خۆیان (گۆپته‌په) نێژراوه.
خێزانه‌که له ته‌کیه ده‌مێننه‌وه‌و خه‌به‌ریان پیده‌گات که ره‌حمان و زوبێده‌و منداڵه‌کانی له نزیک چه‌می ئه‌سکه‌نده‌ربه‌گ ده‌ستگیرکراون و لێکیان جیاکردوونه‌ته‌وه‌و بردوویانن بۆ به‌ندیخانه‌ی نوگره سه‌لمان. شه‌ش مانگێک تێپه‌ڕی و دایک و کچه‌کانی به خێر‌و چاکه‌ی خه‌ڵکی ته‌کیه ده‌ژیان. له‌ناکاو ره‌حمان هاته‌وه بۆ لایان، هه‌موو گیانی ئه‌سپێ بوو، تووشی نه‌خۆشی پێست ببوو، ده‌بوو له خه‌می چاره‌سه‌رکردنی ئه‌میشدا بن. ره‌حمان زۆر په‌رێشانی زوبێده‌و منداڵه‌کانی بوو که به به‌رچاوی خۆیه‌وه بر‌دیانن و گۆڕیان گوم بوو.
دواتر عه‌لی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ گۆپته‌په‌و گۆڕی عه‌بدوڵای برای ده‌دۆزێته‌وه، ده‌نێرێت به‌دوای دایکیداو ئێسکه‌کانی کۆده‌که‌نه‌وه‌و ده‌یبه‌ن له گۆڕستانی نزیک قه‌ڵا ده‌ینێژن. نه‌جمه بۆی روونده‌بێته‌وه که حاجی ئه‌حمه‌دی برای و شه‌ش کوڕی و پێنج کچی و ژنه‌که‌ی که ئاوس بوو، له کاره‌ساته‌که‌دا تیاچوون و نه‌یانتوانی ده‌ربازببن.
کاتێک نه‌جمه ئه‌م چیرۆکه‌ی گێڕایه‌وه ته‌مه‌نی حه‌فتاونۆ ساڵان بوو، ره‌حمانی هاوسه‌ری دوای ماوه‌یه‌ک ئیفلیج بوون، به‌ده‌م په‌ژاره‌ی کچ و کچه‌زاکانیه‌وه له دونیا ده‌رچووبوو. ئێستا له‌گه‌ڵ خه‌جێ و عه‌لی و سارا‌دا له گۆپته‌په ده‌ژین و رۆژانی خۆی به لاواندنه‌وه‌ی عه‌بدوڵاو ئایشێ و زوبێده‌و منداڵه‌کانییه‌وه ده‌گوزه‌رێنێت.
لەوکاتەوە، هەرجارێک یاپراخیان هەبێت، دایە نەجمە بە بێدەنگی بەدیارییەوە دادەنیشێت‌و لەبەرخۆیەوە بارانی فرمێسک دەبارێنێت‌و هەموو رووداوەکانی ئەو رۆژەی دێتەوە یاد...بۆنی یاپراخەکەو بۆنی بۆمبەکان دێنەوە بەر لووتی‌و سەرلەنوێ هەستیان پێدەکاتەوە. کاتێکیش یاپراخەکە هەڵدەڕێژن، هەڵدەستێت‌و لەو ناوە دوور دەکەوێتەوە...
* تێبینی:
ەم چیرۆکانە هەموویان ڕاستەقینەن، رەوتی رووداوەکانمان وەک خۆی هێشتۆتەوە، بەڵام هەوڵمان داوە گیانێکی درامییان بەبەردا بکەین، بەشێوەیەک لەشێوەکان وەک چیرۆکی هونەرییان لێ بکەین، بۆ ئەوەی خوێنەر توانای هەبێت بەردەوام ببێت لە خوێندنەوەو شکۆدارییەکیش ببەخشینە پاڵەوانە ڕاستەقینەکان... ئەوانەی تەنها خۆیان دەتوانن چیرۆکەکانیان بگێڕنەوە.
* نه‌جمه محه‌مه‌د ساڵح ره‌زا له ساڵی 1927 دا له گۆپته‌په له‌دایک بووه‌و له‌وانه‌یه له‌کاتی بڵاوبوونه‌وه‌ی چیرۆکه‌که‌یدا له دونیا ده‌رچووبێت.