جیهان چاوەڕوانی برگەكانی رێكەوتننامەی ئێران‌و گروپی (1+5)ە

پاش چەندین رۆژ گفتوگۆ ئێران‌و وڵاتانی 1+5  لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی ئێران گەیشتنە رێكەوتن‌و پاش كەمێكی دیكە بڕگەكانی ئەو رێكەوتننامەیە بڵاودەكرێتەوە.

لەدوایین خولی دانوستانی نێوان وڵاتانی 5+1 لەگەڵ لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی ئێران ئەمرۆ سێشەممە هەردوو لا گەیشتنە رێكەوتن‌و بڕیارە هەر ئەمرۆش وردەكاری بڕگەكانی ئەو رێكەوتننامەیە بڵاو بكرێتەوە.

سەبارەت بەم رێكەوتنە حەسەن رۆحانی، سەرۆککۆماری ئێران لە توویتێکدا رایدەگەیێنێت:" رێککەوتنی ناوەکی لەگەڵ وڵاتانی زلهێزی جیهان، دەرگایەکی نوێ بەڕووی ئێران دەکاتەوە و لەگەڵ ئەم رێککەوتنە قەیرانە ناپێویستەکان چارەسەر دەکرێن".

هاوكات یوکیا ئامانۆ، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم رایگەیاند: " رەشنووسی کۆتایی رێککەوتننامەی ناوەکی لەنێوان ئێران و وڵاتانی 5+1 واژۆکراوە و عەلی ئەکبەر ساڵحی جێگری سەرۆککۆماری ئێران و سەرۆکی ئاژانسی ئەتۆمی ئێران بە نوێنەرایەتی وڵاتەکەی واژۆی لەسەر رەشنووسەکە کردووە".

ئەمەش لەكاتێكدایە كە ئێسراییل بەم رێكەوتنە ناڕازییە‌و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەیەکەم کاردانەوەی لەسەر رێککەوتنی ئێران لەگەڵ وڵاتانی 5+1 رایگەیاند:" ریککەوتن لەگەڵ ئێران هەڵەیەکی مێژووییە".



PM:01:27:14/07/2015