وردەكاریی رێكەوتنەكەی ئێران‌و گروپی (1+5)

پاش دوا كۆبوونەوەی وەفدی ئێران‌و وڵاتانی رۆژئاوای لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی ئێران لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسیدا نوێنەری ئێران‌و مۆگرینی رێكەوتنە ئەتۆمییەكەیان بە فەرمی راگەیاند.

دوابەدوای راگەیاندنی فەرمی رێكەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران‌و وڵاتانی گروپی 1+5 (ئەمەریكا، بەریتانیا، فەرەنسا، چین، روسیا‌و ئەڵمانیا)، باراك ئۆباما سەرۆك كۆماری ئەمەریكا لە وتەیەكدا رایگەیاند: ئەم رێكەوتنە لەسەر بنەمای متمانە دروست نەبووە، بەڵكو لەسەر بنەمای چاودێریی‌و كۆنترۆڵ بنیات نراوە.

وتیشی: بەپێی ئەم رێكەوتنە، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دەتوانێت هەر كات‌و لەهەر شوێنێك كە ویستی پشكنین بۆ ناوەندە ئەتۆمییكەانی ئێران بكات. ئێران شێوازی كاری كورەی ئەتۆمی "اراك" دەگۆڕێت. ئێران تاكوو 15 ساڵ هیچ كارخانەیەكی "ئاوی قورس" دروست ناكات. ئێران بەڵێنی داوە دوو لەسەر سێی سانتریفیوژەكانی خۆی بەكار نەهێنێت‌و لە ژێر چاودێری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بێت.

باراك ئۆباما وتیشی: ئەمەریكا لە هەڵوێستێكی بەهێزەوە دانوستانی كرد‌و "ئێمە سەركەوتین".

وتیشی: لە خراپترین سیناریۆدا ئەگەر ئێران بەڵێنەكانی جێبەجێ نەكا‌و رێكەوتنەكە پێشێل بكات، تەواوی بژاردەكان كە سەرۆك كۆمارەكانی ئەمەریكا لەبەردەستیاندابوو بەرامبەر بە ئێران دەخرێنەوە بەردەست. هەروەها دڵنیایی بە كۆنگرەش دا كە رێكەوتنێكی لەو شێوەیە لەگەڵ دۆستەكانمان واژۆ ناكەین.

ئۆباما جەختی لەسەر ئەوەش كردوە كە هەر هەوڵێك بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم رێكەوتنە لەلایەن كۆنگرێسەوە ڤیتۆ دەكات.

پاش راگەیاندنی فەرمی رێكەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران‌و رۆژئاوا، حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران لەوتەیەكدا راگەیاند كە ئابلۆقەكان هیچ كاتێك نەیتوانیوە كاریگەریی لەسەر ژیانی خەڵكی ئێران دابنێت‌و خۆشحاڵی خۆی راگەیاند كە ئەمرۆ پاش 23 مانگ دانوستان ئەم رێكەوتنە دروستبووە.

بەوتەی حەسەن رۆحانی سەرۆكی كۆماری ئێران، رێكەوتنەكەی چوار قۆناغی هەیە:
1. رۆژی راگەیاندنی رێكەوتنەكە كە ئەمرۆ بوو.
2. رۆژی بەئەنجام گەیشتنی رێكەوتنەكە كە رۆژی پەسەندكردنەكەی لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكانەوە وەك بڕیارنامە رادەگەیەنرێت.
3. رۆژی رێكەوتنەكە كە كە نزیكەی دوو مانگ پاش پەسەندكردنی بڕیارنامەكەیە‌و تێیدا ئەمەریكا‌و یەكێتی ئەوروپا هەڵوەشاندنەوەی هەموو ئابلۆقەكان رادەگەیەنن‌و ئێرانش جێبەجێكردنی بەڵێنەكانی دەستپێدەكات.
4. دەسپێكردنی جێبەجێكردنی بەڵینەكانی ئێران هاوكاتە لەگەڵ هەڵوەشاندنەوە هەموو ئابلۆقەكان‌و رەنگە زیاتر لە دوو مانگ درێژە بكێشێت‌و پاش ئەوەش رۆژی جێبەجێكردنی تەواوەتی رێكەوتنە ئەتۆمییەكەیە.



PM:03:19:14/07/2015