فاروق رەفیق: ئەو هێرشە پڕ سوکایەتییەی دەکرێتە سەر من، ماهیەتی ئیسلامگەراکانە

نوسەرو توێژەر فاروق رەفیق رایگەیاند: ئەم هێرشە ڕێکخراو و پڕ لە سووکایەتییە بە منی توێژەر و نووسەر کە خۆم بە ویژدانی نەتەوەیەک دەزانم، بریتییە لە کەشفبوونی ماهیەتی ئیسلامگەرایی و ئیسلامگەراکان.

دوای بەشداریکردنی نوسەر فاروق رەفیق لەبەرنامەیەکی کەناڵی رووداودا لەسەر پرسی پێگەی "شەریعەتی ئیسلامی" لە دەستوری هەرێمدا دوو رۆژە هێرشێکی بەرفراوان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکرێتە سەر ئەو نوسەرە، ئەویش لای خۆیەوە شەوی رابردوو ٧/٢١ بە ناونیشانی " ڕوونکردنەوەیەک لەسەر ئه‌و گەلەکۆمەکییەی ئیسلامییەکان" بڵاودەکاتەوە.


فاروق رەفیق لەو روونکردنەوەیەدا دەڵێت: لە ماوەی بیستوچوار کاتژمێری ڕابردوودا ڕووبەڕووی هێرشێکی ناڕەوا، پڕ لە سووکایەتی و بگرە شاڵاوی جوێن و ناوزڕاندن بوومەتەوە لە لایەن ئیسلامییەکانی کوردستانەوە. ئەمەش تەنیا لەبەر ئەوەی ئازادانە ڕای خۆم دەربارەی مادەی شەشی پرۆژە دەستووری هەرێم دەربڕیوە، کە باس لە دامەزراندنی حکومەتێکی ئایینی دەکات.

نوسەر باس لەوە دەکات: ئەم هێرشە کەسانی عەوام هەڕەمەکییانە پێی هەڵنەستاون، بەڵکو لە لایەکەوە هێرشەکە ڕێک خراوە و هێزێک یا چەند هێزێکی ئیسلامی سیاسی و دامودەزگای تەقلیدیی ئایینی لە پشتی ئەم هێرشەوەن. لە لایەکی دیکەوە، لە ناو ئەو کەسانەی کە سووکایەتییان پێکردووم، وەزیر هەیە، چەندین ئەندام پەرلەمان هەن، پیاوی ئایینی هەن، چەندین مامۆستای زانکۆ و ئینجا دەیەها کادێری (پێشکەوتووی) حیزبە ئیسلامییەکان هەن، قوتابیی زانکۆ و چالاکوانی مەدەنی و بەناو ڕۆشنبیر و ڕۆژنامەنووس هەن.
  
لە روونکردنەوەکەی فاروق رەفیقدا هاتووە: وا دیارە قەدەری من بێت یا ئەرکی ئەخلاقی من بێت کە لە ڕێگه‌ی پراکتیزەکردنی ئازادی و سەڕرێگه‌خستنی فیکری ئازادم ببمە مایەی کەشفکردنی ماهیەتی هێزەکان، کەشفکردنی ئەو ڕاستییەی کە لێرە شتێک نییە بە ناوی ئازادی و کەرامەتی مرۆڤەوە.
دەقی روونکردنەوەکە لەم لینکەوە بخوێنەرەوە..



AM:08:59:22/07/2015