بارزانی با ستافێکی پارتیەوە پێشوازی لەجێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا دەکات

‌بارزانی و جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا
پارتی دیموکراتی کوردستان کە تاکە حیزبە هێرشی تورکیای بۆ سەر هەرێم مەحکوم نەکردووە، سەرۆکەکەی ئەمڕۆ پێشوازی لە جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیای لەسەر ئەو پرسە کرد بە ستافێکی پارتیەوە.

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕێکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕٶ چوارشەممە 29ـی 7ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە فەریدوون سینێرلی جێگری وەزیری دەرەوەی توركیا و شاندێكی یاوەری كرد.

لەهەواڵەکەدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە لەم دیدارەدا د. فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و سەفین دزەیی گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادە بوون. ( بەبێ ئەوەی هیچ بەرپرسێکی یەکێتی وەک جێگری سەرۆکی هەرێم، یان بەرپرسێکی گۆڕان وەک وەزیری پێشمەرگە بەشداری کۆبوونەوەکە بکەن ).

لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەكە و دواپێشهاتە سیاسییەكان و هەورەها شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش خرایە بەر باس و گفتوگۆ و تێیدا وەزیری دەرەوەی توركیا وێڕای ئاماژەدان بە بارودۆخی هەستیاری ناوچەكە باسی لە بڕیاری دەوڵەتی توركیا و ڕێككەوتنیان لەگەڵ ئەمەریكا كرد بۆ بەشداربوون لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و سەرۆك بارزانیی لە وردەكارییەكانی ئەم ڕێككەوتنە ئاگادار كردەوە. جێگری وەزیری دەرەوەی توركیا ئاماژەیشی بەوەدا كە ئامانجی توركیا لەم بڕیارە شكاندنی تیرۆریستانی داعش و گەڕاندنەوەی خەڵكی ئاوارە بۆ ناوچەكانیان و گەیاندنی هاوكاریی مرۆییە بۆ ئاوارەكان.

لەبارەی بارگرژییەكانی نێوان سوپای توركیا و پەكەكەیش ئەوەی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند كە لە توركیا بوار بۆ هەموو لایەك كراوەیە بۆ ئەوەی بەشداری پڕۆسەی سیاسی بن ئەویش لەسەر بنەما و پێوەرە دیموكراتییەكان و دوور لە مەنتقی چەك و، ئەوەیان مەرجی سەرەكی سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتییە و وڵاتەكەی پابەندی ئەم بنەمایەیە.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی تیشكی خستە سەر مەترسییەكانی تیرۆریستانی داعش كە هەڕەشەن بۆ سەر هەموو لایەك و ئەركی هەموو لایەكە بەشدار بن لە شەڕكردن لەدژی تیرۆریستانی داعش و ئەو شەڕەش دەبێ هەمەلایەنە بێت و تەنیا شەڕی سەربازی نەبێت بەڵكو پێویستە شەڕی فكری و ئابووریی داعشیش بكرێت. هەروەها خۆشحاڵیی خۆیشی نیشاندا بە بڕیاری دەوڵەتی توركیا بۆ بەشداربوون لە شەڕی دژی داعش كە كاریگەرییەكی زۆری لەسەر یەكلاییبوونەوەی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش دەبێت. پەیوەست بە بارگرژییەكانی ئەم دواییەی نێوان سوپای توركیا و پەكەكە، سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە هەرێمی كوردستان شەڕ و توندوتیژی بە ڕێگەیەكی گونجاو نازانێ و هانی هەر دوولا دەدات كە بگەڕێنەوە سەر بنەماكانی پڕۆسەی ئاشتی و دانوساندن و، سوود لە كرانەوە و پڕۆسەی سیاسی وەربگرن.




PM:10:46:29/07/2015