80%ی ئەم سەنتەرانە بەتایبەتی لەهەولێر بەئاشكرا كاری لەشفرۆشی تێدا دەكرێت

بەوتەی سەرۆكی لیژنەی كاروباری تەندروستی‌و ژینگە لەپەرلەمانی کوردستان ٨٠%ی ئەو سەنتەرانە بەتایبەت لەشاری ھەولێر بەشێوەیەکی ئاشکرا کاری لەشفرۆشی تێدا دەکرێت.

زوڵفا مەحمود سەرۆکی لیژنەی کاروباری تەندروستی و ژینگە لەپەرلەمانی کوردستان لەلێدوانێکدا بە "تۆڕی هەواڵی سلێمانی" ڕاگەیاند: بەھاوکاری رێکخراوێک سەردانی سەنتەرەکانی مەساجمان کرد لەسلێمانی و ھەولێر، بۆمان دەرکەوت کە لە٨٠%ی ئەو سەنتەرانە بەتایبەت لەشاری ھەولێر بەشێوەیەکی ئاشکرا کاری لەشفرۆشی تێدا دەکرێت.

لەبەرامبەر زانینی ھەڵوێستی لیژنەکەیان دوای دەرکەوتنی ئەو حاڵەتانە، وتی:"لەدواین کۆبوونەوەی لیژنەکەمان لەگەڵ وەزیری تەندروستی ئەو ڕاستیانەمان بۆ روونکردەوەو داوامان لێکرد رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر، ئەوانیش نکوڵیان لەو ڕاستیانە نەکردوە".

وتیشی: ناکرێت لەژێر ناوی مەساجدا کاری تر بکرێت، چونکە ڕەنگە لەڕووی تەندروستییەوە زیانی بۆ ھاوڵاتیان ھەبێت، ئەگەریش لایەنەکان لێی ئاگادارن و قبوڵیانە با بەڕەسمی ناوی شوێنی لەشفرۆشی لێبرێن، نەک لەژێر ناوی مەساجدا ئەو کارە بکرێت.

بەوتەی زوڵفا مەحمود وەزارەتی تەندروستی بەڵێنیداوە جارێکی دیکە نووسراو ئاڕاستەی وەزارەتی ناوخۆ بکات، بۆئەوەی رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەرو ئەو سەنتەرانە دابخات کە مەرج و رێنماییەکانیان تێدا نییە، بەتایبەت لەشاری ھەولێر.



PM:04:29:31/07/2015