سپی زانیاری ورد لەسەر سەردانەکەی قاسمی سلێمانی بۆ لای گۆڕان‌و یەکێتی بڵاودەکاتەوە

کەسایەتی ئەمنی و سیاسی دیاری کۆماری ئیسلامی ئێران، قاسمی سلێمانی سەرەتا ئەم هەفتەیە لەسەر پرسەکانی عێراق  و پرسەکانی هەرێمی کوردستان سەردانی نەوشیروان مستەفا و سەرکردەکانی یەکێتی دەکات.

سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار بە سپی راگەیاند " رۆژی یەک شەممە ٨/١ قاسمی سلێمانی فەرماندەی قەرارگای قودس بەجیا سەردانی نەوشیراون مستەفا رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان و هەریەک لە کۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح و هێرۆ ئیبراهیم دەکات".

سەبارەت بەو پرسانەی کە قاسمی سلێمانی بەجیا لەگەڵ نەوشیروان مستەفاو سەرکردەکانی یەکێتیدا باسی کردوون، بە پلەی یەکەم پرسی پەیوەندی نێوان بەغداو هەرێم و پرسی روبەرووبوونەوەی داعش بووە، هەروەها باسی بارودۆخی هەرێمی کوردستانیش یەکێک بووە لە پرسەکان.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە سەبارەت بەپرسی عێراق، سلێمانی داوای لە نەوشیروان مستەفا و سەرکردەکانی یەکێتی کردووە کە لەگەڵ بەغدادا بگەنە رێککەوتن و کێشەکانیان چارەسەر بکەن لە نێویاندا پرسی بوودجەو پرسی نەوت.

هەروەها سلێمانی لەو کۆبوونەوانەدا ئاماژەی بۆ پرسی روبەروبوونەوەی داعش کردووە و جەختی لەسەر هاوپەیمانێتی کورد و شیعە لەو بوارەدا کردووەو ئامادەیی وڵاتەکەی پێشانداوە بۆ هاوکاری لە دژایەتیکردنی داعشدا.

لەسەر پرسە ناوخۆییەکانی هەرێم و بەتایبەتی پرسی تەواوبوونی ماوەی سەرۆکایەتی هەرێم، سەرچاوەکەی سپی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە قاسمی سلێمانی جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە پرسی سەرۆکایەتی هەرێم پرسێکی ناوخۆییەو ئێران هیچ پەیوەندییەکی بەو پرسەوە نییە.

سپی زانیوویەتی پێش سەردانی قاسمی سلێمانی بۆ لای سەرکردەکانی یەکێتی، وەفدێکی ئێرانی تر سەردانی شاری سلێمانیان کردووەو نەوشیروان مستەفا و بەرپرسانی هەردوو حیزبیان بینیووەو هەمان تێروانیان لەسەر پرسە عێراقی و پرسەکانی هەرێم هەبووە.

رۆژی ٨/٣ کەناڵی رووداو لە میانەی هەواڵێکیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد قاسمی سلێمانی سەردانی نەوشیروان مستەفاو سەرکردەکانی یەکێتی کردووەو پێیان راگەیاندوون " ئەوان لەگەڵ مانەوەی بارزانیدان وەک سەرۆکی هەرێم"، رووداو لەو هەواڵەیدا بەرواری سەردانی سلێمانیان بڵاونکردبوەوە. 




PM:10:27:04/08/2015