عەلی حەمە ساڵح: لای ئاشتی هەورامی بە بەرتیل ئیش دەڕوات

‌عەلی حەمە ساڵح
ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان وەڵامی سامانە سروشتیەكان دەداتەوە دەڵێت "ئەوانەی لای ئاشتی هەورامی ئیشیان دەڕوات بە بەرتیل ئیشیان دەڕوات، ئاشتی هەورامیش ناڕاستەوخۆ سوودمەندە لەمە".

پاش ئەوەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە راگەیەنراوێكدا چەندین تۆمەتی خستە پاڵ عەلی حەمە ساڵح پارلەمانتاری گۆڕان، ناوبراو بە سپی راگەیاند: "من لەمرۆوەدەستدەكەم بە نوسین‌و بڵاوكردنەوەی چەندین روونكردنەوە‌و بەڵگەنامە لەسەر وەزارەتی سامانە سروشتییەكان. بەشی یەكەمیشی لەبارەوە ئەو تۆمەتانەوە دەستپێدەكات كە ئاشتی هەورامی لەمنی داوە، كە لەرابردوودا گوایە من لەگەڵ كۆمپانیایەكی گەورەی نەوتی شەریك بووم‌و هاوكاریم كردوە تا مامەڵەیەكی  10 ملیار دۆلاری بۆ سامانە سروشتییەكان بكەم".

عەلی حەمە ساڵح دەڵێت: "ئەوەی سەیری ژیانی ئێمە بكات، دەزانێت ئەم بوختانەی ئاشتی هەورامی ئەسڵ‌و ئەساسی نیە. لە رابردوودا كۆمپانیایەكەی گەورەی نەوتی هاتن‌و وتیان ئامادەین 10 ملیار دۆلار بدەین بەحكومەت‌و ئەوان نەوت بدەن بە ئێمە لەداهاتوودا. ئەو كۆمپانیایە پێشتر چبوون بۆ لای چەند كەسێك ئەوانیش داوای بەرتیل زۆریان لێكردبوون، چونكە ئەوانەی لای ئاشتی هەورامی ئیشیان دەڕوات بە بەرتیل ئیشیان دەڕوات، ناڕاستەوخۆ ئاشتی هەورامی خۆی سوودمەندە لەمە. من راستەوخۆ ئەم كۆمپانیایەم نارد بۆ سەرۆكی حكومەت‌و وەزیری دارایی‌و تەنانەت بزوتنەوەی گۆڕان‌و رێكخەری گشتیشم لێ ئاگادار كردوتەوە. وتم كارێكی وا هەیە‌و رەنگە باش بێت بۆ هەرێم كە لەم قەیران رزگاری بێت. لەوەبەدوا من هیچ پەیوەندییەكم بەو كۆمپانیایەوە نیە‌و خۆیان رۆیشتوون ئەو پەیوەندییانەیان كردوە. لەنێویاندا لەگەڵ ئاشتی هەورامی رێكەوتن یا نا، نە ئاگام لێیەتی‌و نە پەیوەندیم پێوە ماوە. لەبەر ئەوەی ئاشتی هەورامی لێیان سوودمەند نەبووە دیارە رێنەكەوتوون".

عەلی وتیشی "هەروەها لە بابەتێكی دیكە گوایە پاڵاوگەیەك هەیە لە دوكان من واستەم بۆ كردون مۆڵەتیان پێبدرێت، من ئەزانم پاڵاوگەیەك هەیە لە دوكان‌و مۆڵەتیان پێنادرێت، من دوورو نزیك ئەم بابەتم باس نەكردوە، بەڵكو پەرلەمانتارێكی دیكە لەكۆبوونەوەی لیژنەی نەوت‌و غاز لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان باسی كردوە‌و وتویەتی پاڵاوگەیەك هەیە لەدوكان ئەگەر ئێوە مامەڵەی لەگەڵدا بكەن دەتوانێت كێشەی بەنزین لەسلێمانی بەتەواوەتی چارەسەر بكەن".

بەوتەی عەلی حەمەساڵح ئەو پەرلەمانتارە ناوی فایەقە لەگۆڕان‌و كاك عێزەتیش بەرپرسی لیژنەی دارایی لە پەرلەمان كە یەكێتیە، ئەوان هەمان بابەتیان وروژاندوە، "ئەسڵەن ئەم كۆكپانیا لە یەكێتییەو نزیكە‌و هیچ پەیوەندییەكی بەئێمەوە نیە‌و دیارە ئاشتی هەورامی دەیەوێت خەڵك بەمانە چەواشە بكات".

پەرلەمانتارەكەی گۆڕان جەختی لەسەر ئەوەش كردەو كە ئەو "زنجیرەیەكی گەورەی نوسین‌و چەندین بەڵگەنامە لەسەر وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بڵاودەكەینەوە كە هۆكاری چارەسەر نەكردنی كارەبا ئەمانن، چەندین سەفقەی گەورەی گەندەڵی دارایی لەم وەزارەتە كراوە‌و سەدان ملیۆن دۆلار چۆن دیار نەماوە هەمووی بڵاو دەكەینەوە".



PM:02:26:20/08/2015