ئەو نەوتەی بەتەنکەر دەڕوات مووچەی 8 مانگی فەرمانبەرانی سلێمانییە

سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی‌و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت: داھاتی ئەو نەوتەی بەتەنکەر دەڕوات، مووچەی ھەشت مانگی پارێزگای سلێمانی دابین دەکات، بەڵام سامانە سروشتییەکان ھیچ ئاماژەیەک بەفرۆشتنی ئەو نەوتەو داھاتەکەی ناکات.

پاش ئەوەی ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سروشتییەكان وتبووی كەرتی نەوت شەفافە، لەبەرامبەردا د.غالب محەمەد سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی و وزەو بازرگانی و سەرچاوە سروشتییەکان لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەلێدوانێکدا بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی راگەیاند: لەماوەی ساڵێکدا ٢٨٣ ھەزار تەنکەر نەوت لەھەردوو مەرزی پەروێزخان و باشماخەوە رەوانەی ئێران کراوە.

وتیشی: "بەشێوەیەکی فەرمی ئەوەمان بۆ پشتڕاست نەبۆتەوە کە نەوتی ئەو تەنکەرانە چییە، بەڵام دڵنیاین بەشێکی زۆری ئەو نەتەی لەڕێگەی تەنکەرەوە رەوانەی ئێران دەکرێت، نەوتی رەش نییە، بۆیە ئەگەر گریمانەی ئەوەش بکەین ئەو تەنکەرانە نەوتی رەش دەگوازنەوە کە کەمترین نرخی ھەیە، ئەوا دەتوانرێت مووچەی ھەشت مانگی فەرمانبەرانی سلێمانی دابین بکات".

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی روونکردنەوەی زیاتری داو وتی: "کۆی گشتی ئەو داھاتەی لەو تەنکەرانەوە دەستدەکەوێت، دوای لێدەکردنی گومرکەکەی کە بۆ ھەر تەنکەرێک (١٦٢) دۆلارە، دەکاتە دوو ملیارو ١٠٠ ملیۆن دۆلار".

ئاشکراشیکرد، موچەی یەک مانگی فەرمانبەرانی سلێمانی پێویستی بەکەمتر لە ٣٠٠ ملیۆنە دۆلارە، "بۆیە دەمانتوانی بەو داھاتە مووچەی ھەشت مانگی فەرمانبەرانی ئەو پارێزگایە دابین بکەین".

سەبارەت بەئاماری تەنکەرەکانیش وتی:" لەڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە لەگەڵ ئەو کەسانەی لەمەرزەکاندان، ژمارەی ئەو تەنکەرانەمان دەست کەوتووە کە لەماوەی ساڵێکدا لەو دوو مەرزەوە رەوانەی ئێران کراون".

غالب محەمەد باسی لەوەشکرد کە لەساڵانی رابردوودا دوو ھێندەی ئێستا تەنکەرە نەوت رەوانەی ئێران کراوە، بەڵام بەھۆی شەڕی داعشەوە لەئێستادا ژمارەکە کەمیکردووە".

بەوتەی د.غالب محەمەد، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەکاتی بڵاوکردنەوەی ھەناردەی نەوت، بەھیچ شێوەیەک باسی ھەناردەی نەوت بەتەنکەر ناکات، ئەمەش لەکاتێکدایە ئاشتی ھەورامی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا، کە دوو رۆژ لەمەوبەر بڵاوکرایەوە، رایگەیاند کە رۆژانە بڕێک کەم نەوت لەڕێی تەنکەرەوە ھەناردە دەکرێت.



PM:10:28:26/08/2015