دەمیرتاش: هێرشکراوەتە سەر 400 نووسینگەی هەدەپە

هاوسەرۆکی هەدەپە، سەلاحەدین دەمیرتاش هێرشێکی توند دەکاتە سەر دوانەی ئۆردوغان – ئۆغلو و دەڵێت" ئەوان شەڕیان هەڵگیرساند لەکاتی هەڵبژاردنداو هێرشکرایە سەر ١٧٦ نووسینگەی هەدەپە کە جارێک شەر هەڵنەگیرسابوەوە، لەم دوو رۆژەشدا هێرشکراوەتە سەر ٤٠٠ نوسینگەی هەدەپەو ماڵ و موڵکی هاوڵاتیان".

سەلاحەدین دەمیرتاش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەیدا کە بەیەكێک لەو کۆنگرە گرنگانە دادەنرێت کە هێرشی زۆر توندی کردە سەر سەرۆک و سەرۆک وەزیرانی تورکیا و تورکە فاشستەکان وتی" پێش هەڵبژاردنی پێشوو ئێمە هێرش دەکرایە سەرمان، بەڵام دەمانووت ئاشتی ئاشتی، ئەوان لەو دەمەشدا هەر هێرشکار بوون، ئێستاش دوو رۆژە شەڕی ناوخۆ لە تورکیا بەڕێوە دەبەن و پەلاماری هەموو شتێکی کوردو هەدەپە دەدەن".

هاوسەرۆکی هەدەپە، سەلاحەدین دەمیرتاش ئاگاداری خەڵکی تورکیا و لایەنەکانی لەمەترسی روودانی روودای گەورە کردووە کە لەئەنجامی ئەم هێرشانەی ئۆردوغان و میت و ئاک پارتی دێتە ئاراوەو وتی "ئەم رووداوانە ئاکامەکانی هەڵبژاردن زۆر گەورەترە".

دەمیرتاش وتیشی پێمان ناخۆشە هەر هاوڵاتیەکی تورکیا بەجیاوازی نەتەوەو ئاین و ئیمنتمای سیاسیەوە بکوژرێت، جا پۆلیس، سەرباز، یان جەندرمە، بێت.

ناوبراو هەڕەشەیەکی توندی لەوانە کرد کە هێرشدەکەنە سەر بارەگاکانی هەدەپەو هاوڵاتیان و وتی" ئەوانە قاچی کورسیەکەی ئۆردوغان دەپارێزن کە رووخاوەو ئەمرۆش نەبێت، ئەوانە هەموویان دەناسین و سبەی دەیاندەدەینە دادگا".
 


  



AM:10:55:09/09/2015