هەدەپە سەبارەت بە كەمبوونەوەی دەنگەكانی هەڵوێستی خۆی راگەیاند

لەپاش كۆتایی پرۆسەی دەنگدانی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی توركیا، هەریەك لە سەلاحەدین دەمیرتاش‌و فیگەن یوكسەكداغ، هاوسەرۆكانی هەدەپە وتارێكیان بڵاوكردەوە.

سەلاحەددین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپە رایگەیاند:" رێز لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەگرین، ئەگەرچی بانگەشەی هەڵبژاردنمان لە ژینگەیەکی دادپەروەریدا بەڕێوەنەچوو و لە بانگەشەی هەڵبژاردندا تەنیا توانیمان لایەنگرانمان لە کۆمەڵکوژی و کوشتن رزگار بکەین".

سەلاحەددین دەمیرتاش سەبارەت بە کەمبوونەوەی دەنگەکانی هەدەپە وتی:" ئەوەی بەرامبەر هەدەپە کرا، بەرامبەر هەر لایەنێکی دیکە بکرایە ئەو ئەنجامەی بەدەست نەدەهێنا، پێویست ناکات کەس نیگەرانی کەمکردنەوەی دەنگەکانی هەدەپە بێت، چونکە ئێمە کۆڵ نادەین و بەردەوام دەبین لە رووبەڕووبوونەوەی داپڵۆسین و کۆمەڵکوژی لەبەرامبەر گەلانی تورکیا ".

هاوسەرۆکی هەدەپە هەروەها گوتی:" بە گەلانی تورکیا دەڵێن پێویست ناکات لە ئاکپارتی بترسن، چونکە ئێمە پشتیوانی ئێوەین".

سەلاحەددین دەمیرتاش ئۆپۆزیسیۆن بوونی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا راگەیاند و گوتی:" بەربەستێکی گەورە لەبەردەم پەرلەمانی نوێیدا هەیە، چونکە کێشەی گەورە هەیە پێویستی بە چارەسەرکردنە و ئێمە دەبینە ئۆپۆزیسیۆنێکی کارا لە پەرلەمانی تورکیا".

سەلاحەددین دەمیرتاش بە ئاماژەدان بەوەی، بەدواداچوون بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەکەین، گوتی:" خەباتی ئێمە تەنیا لە پەرلەمانی تورکیا نییە، بەڵکو لە هەموو کوچە و کۆڵانێکی تورکیایە".


فیگەن یوکسەکداغ هاوسەرۆکی هەدەپە لە وتارە هاوبەشەکەیاندا لەگەڵ سەلاحەدین دەمیرتاش گوتی:" لە دوای هەڵبژاردنەکانی 7ی حوزەیرانەوە لایەنگرانی هەدەپە رووبەڕووی تووندوتیژی زۆر بوونەوەو لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی حکومەتی تورکیا بە دەیان لایەنگری هەدەپە کوژراون".

فیگەن یوکسەکداغ ئاماژەی بەوەکرد کە" سەرەڕای ئەو بەربەستانەی بۆمان دروستکراوە، بەڵام سەرکەوتنمان بەدەستهێناوە، ئەگەرچی جیاکارییەکی زۆر بەرامبەرمان ئەنجامدراوە، بەڵام توانیمان بەربەستەکە تێپەڕێنین".

فیگەن یوکسەکداغ سەبارەت بە کەمبوونەوەی دەنگەکانی هەدەپە، گوتی:" ئێمە لێکۆڵینەوە لە کەمبوونەوەی ژمارەی دەنگەکانمان دەکەین و سوپاس بۆ هەموو ئەوانە جارێکی دیکە متمانەیان بە هەدەپە دایەوە".



AM:07:00:02/11/2015