عەبادی دوو داوای قاسمی سلێمانی‌و روسیا رەتدەکاتەوە

ئێران لەڕێگای قاسمی سلێمانیەوە داوا دەکات پاشگەزبێتەوە لە لابردنی مالکی لە جێگری سەرۆک کۆمار، روسیاش داوا دەکات لە خاکی عێراقەوە داعش بۆردومان بکات، حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیران هەردوو داواکەی رەتکردۆتەوە.

رۆژنامەی حەیاتی چاپی لەندەن، بڵاویکردەوە دوای ئەو رەتکردنەوەیەی عەبادی بۆ ئەو دوو داوایە، سەرۆک وەزیران رووبەرووی هێرشێکی میدیای قورس بۆتەوە.

عەبادی کە لەلایەن موقتەدا سەدرو عەمار حەکیمەوە پاڵپشتی دەکرێت، دەیەوێت هاوسۆزی کوردو سەرکردە سونەکانیش بەلای خۆیدا رابکێشێت تا لە پەرلەمان پشتگیری چاکسازیەکانی بکەن و، دەیەوێت ٢٥٠ دەنگ لەکۆی ٣٢٨ دەنگ بەلای خۆیدا رابکێشێت، هاوکات بەرەکەی مالکی کە پاڵپشتی دەکرێت لەلایەن ئێرانەوە دەیەوێت ٧٠ کورسی تر بباتەوەو عەبادی بڕوخێنێت و حکومەتەکەی پێشوو بهێنێتەوە سەر کار.

رۆژنامەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات ئەوە ململانێی دوو تەوژم و دوو تێڕوانینە.

هەرچی مالکیە دەیەوێت عێراق راپێچی هاوپەیمانیتی چواری ( سوری – عێراقی _ ئێرانی _ روسی ) بکات و کاریگەری ئەمەریکا لەعێراق و ناوچەکە کەم بکاتەوە، تێڕوانینی دووەمیشیان هەوڵدەدات نەچێتە ئەو ریزبەندیەوە کە لەبنەڕەتدا پەیوەندی بە کێشەی سوریاوە هەیە.



PM:10:10:09/11/2015