سپی دوا زانیاریی لەسەر شەڕەكەی خورماتوو بڵاودەكاتەوە

شەڕ‌و پێكدادان لەنێوان هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان‌و میلیشیا شیعەكان (حەشدی شەعبی) لە قەزای خورماتوو بەردەوامە‌و لە ئێستادا ژمارەیەك هاوڵاتی لەنەخۆشخانەی شارەكە گیریان خواردوە.

تا گەیشتنی ئەم هەواڵە لەلایەن پەیامنێری سپی، لەئەنجامی شەڕەكەی ئەمرۆدا سێ چەكاری حەشدی شەعبی كوژراون‌و سیانی دیكەش برینداربوون. هاوكات كارمەندێكی ئاسایش شەهید بووە‌و پێشمەرگەیەكیش بریندارە.

بەپێی زانیارییەكان نزیکەی 200 کارمەندو هاوڵاتی، لە نەخۆشخانەی گشتیی دوزخورماتوودا گیریان خواردووە و بەهۆی ئەوەی، کە چەند نیشانشکێنێکی حەشدی شەعبی لە شوێنە بەرزەکانی نزیک نەخۆشخانەکەو رووبەڕووی گەڕەکی جەمیلەی کوردنشین جێگیرکراون، ناتوانن بێنە دەرەوە، چونکە لەلایەن حەشدی شەعبییەوە تەقەیان لێدەکرێت و یەکێکیش لە هاوڵاتیان هەر بەو شێوەیە شەهید بووەو بریندارێکیش هەیە.

چەکدارانی حەشدی شەعبی لەو سنورە ڕایانگەیاندووە ئەگەر پێشمەرگە لەڕووبەڕووبونەوەکە بەردەوام بێت و بارودۆخەکە ئاسایی نەکرێتەوە ئەوا داوای ھێز لەحکومەتی عیراق دەکەن.



PM:04:32:12/11/2015