حەشدی شەعبی 24 كاتژمێر مۆڵەت دەدات بەكورد

میلیشیا شیعەكان ناسراو بە حەشدی شەعبی مۆڵەتی 24 كاتژمێریان بە كورد داوە تا بكوژانی ئەو چەكدارە شیعانە رادەست بكەن كە دوێنێ لە خورماتوو كوژران.

جێگری فەرماندەی گشتی رێكخراوی بەدری سەر بە حەشدی شەعبی ئەبو ئەحمەد ئەلتەمیمی، جێگری رایگەیاند: مۆڵەتی 24 كاتژمێر بە هێزە كوردییەكان دەدات تا بكوژانی چەكدارانی حەشدی شەعبی رادەست بكەن و داوای لێبوردنیش بكەن، بە پێچەوانەوە بەرژەوەندی كورد لە بەغدا و باشوری عێراق دەكەونە مەترسییەوە.

تەمیمی ئەوەشی راگەیاند: لە چەند سەعاتی داهاتوو، فەرماندە سەربازییەكانی كەتائیبی حیزبوڵڵا و عەسائیب و گروپەكانی تر كۆدەبنەوە، بۆ وتووێژكردن لەبارەی زیادەڕەوییەكانی پێشمەرگە لە قەزای خورماتوو‌ و جەخت لەسەر ئەوەش دەكاتەوە كردەكانی پێشمەرگە بێ سزای توند تێپەڕ نابێت.

وتەكانی ئەو فەرماندەیەی حەشدی شەعبی، لە دوای راگەیاندنێكی شێخ جەعفەر، فەرماندەی پێشمەرگە دێت كە دەڵێت، كەڵەگایی لە كەس قبوڵ ناكەین و هێزی زیاتر رەوانەی خورماتوو دەكەین. (زیاتر بخوێنەرەوە)



AM:09:14:14/11/2015