یەكێتی ئەوروپا داوا لەلایەنەكانی هەرێم دەكات رێز لەبنەما دیموكراسییەكان بگرن

شاندی یەكێتی ئەوروپا‌و باڵوێزخانەكانی دەوڵەتە ئەندامەكانی یەكێتی ئەوروپا لەعێراق، بەیاننامەیەكی هاوبەش سەبارەت بە رەوشی هەرێمی كوردستان بڵاودەكەنەوە.

دەقی بەیاننامەكە:

بەیاننامەی شاندی یەکێتی ئەوروپا و سەفارەتەکانی دەوڵەتە ئەندامەکانی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق سەبارەت رەوشی هەرێمی کوردستان

شاندی یەکێتی ئەوروپا و سەفارەتە متمانە پێدراوەکانی دەوڵەتە ئەندامەکانی ئەکێتی ئەوروپا لە کۆماری عێراق بە بایەخی زۆرەوە چاودێری پەرەسەندنە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوریەکانی ئەم دواییانەی هەرێمی کوردستان دەکەن.

شاندەکە دەخوازێت یادی بخاتەوە کە یەکێتی ئەوروپا پشتگیری شکۆ و سەروەری هەرێمیی عێراق دەکات و بە تەواوی هاوبەشی داواکاری حکومەتی ئیتیحادیە بۆ گفتوگۆ و هێورکردنەوە سەبارەت بە قەیرانی سیاسی هەرێمی کوردستان. شاندەکە، لەپاڵ گرێکوێرەی کێشەی سەرۆکایەتی هەرێم و مەترسی ئەوەی جیاوازی سیاسی ناوخۆیی سەرنج و بایەخ لەسەر بەزاندنی داعش لابەرێت، خەمی قوڵی خۆی سەبارەت بە مەئزەقی ئێستا دەردەبڕێت. هەمو حیزبە سیاسیەکان هاندەدرێن تا رێز لە بەها و بنەما دیموکراتیەکان و رێکەوتنە سیاسیەکان بگرن و بەگوێرەی بنەما دیموکراتیەکان و ئامرازە یاساییەکانیتر و دەستگرتن بە کاری ناتوندوتیژی پەنا بەرن بۆ گفتوگۆ بەمەبەستی گەیشتن بە چارەسەری ناوەندی.
شاندەکە بە توندی ئیدانەی ئەو توند و تیژیانە دەکات کە لە هەرێمەکە رویدا، بە دیاریکراوی پەلاماردانی بنکەی حیزبەکان و دەزگاکانی راگەیاندن و رۆژنامەنوسان و هەروەها دەخوازێت سەرخۆشی خۆی بگەیەنێت بە خیزانی ئەو قوربانیانەی گیانیان لەدەستدا. لە کاتێکدا پێویستە هەمو لایەنە پەیوەندیدارەکان، حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتە ناوخۆییەکان و هەروەها سیاسیەکان، تێبکۆشن بۆ پاراستنی ژیانی هاوڵاتیان و مومتەلەکاتی گشتی و چارەسەری خیلاف و لێکەوتەکانی، دەزگا و دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم داواکراون کە بە گوێرەی یاسا تاوانباران تەسلیمی دادگا بکەن.
ئەوەی زۆر گرنگی هەیە ئەوەیە، کە لە کاتێکدا سەرەڕای جەنگی داعش، هەرێم روبەڕوی تەحەدی مەزنی ئابوری و کۆمەڵایەتی و ئینسانی دەبێتەوە، هەرێمی کوردستان، لە پاڵ پاراستنی ئازادی میدیا و گەڕاندنەوەی سیستەم و کاری دامەزراوەیی، لە میانەی جێبەجێکردنی ریفۆرمی ئابوری و کۆمەڵایەتی گرنگ و دواخراو، یەکدەستی پێویست بەدەست دەخات.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە بودجەی ٢٠١٦ لە پرۆسەی پەسەندکردندایە و پێشتر حکومەتی ئیتیحادی تەسلیمی پەرلەمانی کردوە، داوا لە حکومەتی هەرێم دەکرێت کە جارێکیتر لەگەڵ بەغداد سەبارەت بە نەوت و دابەشکرنی بودجە تێهەڵچێتەوە. وەك بەشێك لەو تێهەڵچونەوەیە شاندی یەکێتی ئەوروپا و سەفارەتەکانی دەوڵەتە ئەندامەکانی یەکێتی ئەوروپا هانی شەفافیەت و کراوەیی دەدەن لە بڵاوکردنەوەی داتا راستەقینەکانی داهاتە نەوتی و غەیرە نەوتیەکان لە هەرێم.

دواجار، شاندەکە هاوبەشێتی (شراکە) بەهێزی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان و یەکێتی ئەوروپا و دەوڵەتە ئەندامەکانی و هاوپەیمانی جیهانی لە دژی داعش، بەهادار دەبینێ و سوپاسگوزاری رۆڵی یەکلاکەرەوە و قوربانیدانی هێزەکانی پێشمەرگەیە و بەشداری گەورەی حکومەتی هەرێم بۆ ئاشتی و ئاسایشی فراوانتری ناوچەکە دەنرخێنێ. وەك بەشێك لە بەشداری فراوانتری لە عێراق، یەکێتی ئەوروپا و دەوڵەتە ئەندامەکانی، وەك هاوبەش و هاوکاری کاریگەر لەگەڵ دامەزراوەکان و گەلی هەرێمی کوردستان پابەند دەمێنێتەوە، لەوانە؛ هاوکاری سەربازی، هاوکاری مرۆیی و هەروەها پشتگیری بۆ گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی و ئابوری و دامەزراوەیی.



PM:03:46:16/11/2015