"هیچ حیزب‌و لایەنێک ناتوانێت ئیرادەی پەرلەمان پەکبخات"

لەکۆبوونەوەی نێوان سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان‌و بەرپرسی ئاژانسی پاراستن‌و زانیاریی هەرێمی کوردستان، لاهور شێخ جەنگی راگەیاند: هیچ حیزب‌و لایەنێک ناتوانێت ئیرادەی پەرلەمان پەکبخات.

ئەمڕۆ دووشەممە، ٢٣-١١-٢٠١٥ ، د.یوسف محەمەد سادق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، پێشوازیکرد لە لاهور شێخ جەنگی، بەرپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاریی هەرێمی کوردستان. لە کۆبونەوەیەکەدا، سەرۆکی پەرلەمان دەستخۆشی لە کارو چالاکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری و دژە تیرۆرکرد لە پاراستنی هەرێمی کوردستان.

لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی پەرلەمان باسی لە بارودۆخی کوردستان و ململانێی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کرد و وتی "پێویستە ڕێز لە دامودەزگا شەرعییەکانی هەرێمی کوردستان بگیرێت، کە دەربڕی ئیرادەی گەلی کوردستانە، دەبێت هاوسەنگی سیاسی لە نێوان لایەنەکاندا بپارێزێت و ڕێگریی لە قۆرخکاریی بگیرێت.

لاهور شێخ جەنگی، لە بارەی پەکخستنی پەرلەمان و کارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، وتی "هیچ حیزب و لایەنێک ناتوانێت ئیرادەی پەرلەمان پەکبخات، چونکە پەرلەمانی کوردستان دەزگایەکی شەرعی و هەڵبژێراوی خەڵکی کوردستانە. ئەوەی لە ڕابردوشدا بەرامبەر بە پەرلەمانی کوردستان کراوە، بەرامبەر بە حیزب و لایەنێکی دیاریکراو نەکراوە، بەرامبەر ئیرادەی خەڵکی کوردستان وپرۆسەی دیموکراتی کراوە.



PM:01:35:23/11/2015