پەرلەمانی ئەڵمانیا ئاگای لەرووداوە ناخۆشەکانی ئەم دواییەی کوردستانە

لە کۆبونەوەی نێوان سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئەڵمانیا، پرسی شەڕی دژ بە تیرۆرستان و ڕەوشی دیموکراتی لەهەرێمی کوردستان و بڕیارێکی پەرلەمانی ئەڵمانیا بۆ فراوانکردنی شەڕ دژ بە تیرۆرستان گفتوگۆی لەسەر کرا. 

ئێوارەی ئەمڕۆ، بە کاتی ئەوروپا، د.یوسف محەمەد سادق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە تەلاری پەرلەمانی ئەڵمانیا لەگەڵ خاتو کلاودیا ڕۆت جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئەڵمانیا و جەم ئۆزدەمیر سەرۆکی فراکسیۆنی سەوزەکانی پەرلەمانی ئەڵمانیا کۆبوەوە. 

لەکۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، سوپاسی هاوکارییەکانی ئەڵمانیای کرد بۆ هاوکاری و مەشقی پێشمەرگە لە شەڕی دژ بە تیرۆرستانی داعش، ستایشی ئەو بڕیارەشی کرد، کە ئەمڕۆ پەرلەمانی ئەڵمانیا دەریکرد بۆ فراوانکردنی هاوکارییەکانی ئەڵمانیا دژ بە تیرۆرستانی داعش. 

لەبەشێکی تری وتەکانیدا، سەرۆکی پەرلەمان وتی "هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان، وەک دۆست سەیری ئەڵمانیا دەکەن، چونکە وڵاتەکەتان پشتیوانی سەرەکی ئێمەیە لە شەڕی تیرۆرستان، هیوادارین لە بوارەکانی بەرەو پێشچوونی ڕەوتی دیموکراتی و چاودێری دارایی و شەفافییەت هاوکارییەکانتان بۆ هەرێمی کوردستان زیاتر بێت. 

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئەڵمانیا، بەخێرهاتنی سەرۆکی پەرلەمانی کرد بۆ پەرلەمانی ئەڵمانیا و وتی "ئاگامان لە ڕووداوەکانی هەرێمی کوردستانە، هیوادارین ئەو ڕوداوە ناخۆشانەی لەم ماوەیەدا ڕویدا کاریگەریی لەسەر ئازایەتی و قارەمانێتی پێشمەرگە نەبێت".

لەبارەی دەنگدانی ئەمڕۆی پەرلەمانی ئەڵمانیاش، جێگری سەرۆکی پەرلەمان، وتی"ئەو بڕیارە پشتیوانییەکە بۆ هەرێمی کوردستان، هیوادارین هەرێمی کوردستان ژیانی دیموکراتی و شەفافییەت گەشەپێدان بدات.



PM:06:48:04/12/2015