پارتی: چاوەڕوان بن چۆن دادگاییکردنی نەوشیروان مستەفا سازدەکرێت

رۆژنامەی هەولێر سەر پارتی دیموكراتی كوردستان سەبارەت بە وتە دەنگییەكانی نەوشیروان مستەفا، رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان دەنوسێت: قسەکانی رێکخەری گشتیی گۆڕان موئامەرەیە لەسەر ئایندەی کوردستان‌و دەبێت رێکخەری گشتیی گۆڕان و ئەوانەی دەستیان لەگەڵیدا ھەیە باجەکەی بدەن.

رۆژنامەكە لەسەروتارەكەی ئەمرۆ یەكشەممەیدا لەسەر وتە دەنگییەكانی نەوشیروان مستەفا دەنوسێت كە ماوەیەك لەوەپێش لەمیدیاكانی گۆڕان بڵاوكرایەوە‌و دەڵێت: ئەو نووسەر و ھەڵسووڕاوە کۆڵەوار و کورتبینانەی کە دیارە نەوشیروان مستەفا رایسپاردوون داکۆکی لێبکەن و تۆمەتەکانی سپی بکەنەوە، پێدەچێ تا ئەم ساتەوەختە وەکو پرسێکی ورووژاندن، یان وەک بابەتێکی راگەیاندن سەیری درانە دادگای رێکخەری گشتییان بکەن و، نەزانن مەسەلەکە یەکجار جیدییە! ھەر بۆیە، پاساوی سەیر و سەمەرە بۆ تۆمارە دەنگییەکەی دەھێننەوە و دەیانەوێت بە دوو بەھانەی بێ سەروبەر، ئەستۆپاکی لەو تۆمەتە قورسانە بسەلمێنن و بێ منەتییش بۆ دادگاییکردنی دەردەبڕن و وادەزانن ھەر قسەیە. دوای بڵاوبوونەوەی تۆمارە دەنگییەکە، کاتێک خەڵکی کوردستان و رای گشتی بۆیان دەرکەوت نەوشیروان مستەفا چی لە ژێر سەردا بووە و لە ژوورە تاریکەکانی گردی زەرگەتە خەریکی چی بووە، ھەر ئەوساتە ھەموو خەڵک لەو راستییە تێگەیشتن کە ئەم قسانە خەتەرێکی جیددین و دادگایکردنی بەدوادا دێت، دەبوایە نووسەرە کورتبینەکانی گۆڕان، نەک ئێستا، بەڵکو ئەو ساتەی نەوشیروان لەژوورە تاریکەکان دەیگوت " ئێمە کەی کەیفمان لێبێت ئاسایشی ھەرێمی کوردستان تێکدەدەین، بە دەم تێکی دەدەین، پێویست بەوە ناکات چەک و شت بکڕین.

نوسەری سەروتارەكە هەروەها دەنوسێت: قسە و پیلانەکانی رێکخەری گشتیی گۆڕان موئامەرەیە لەسەر ئایندەی کوردستان، سووکایەتین بە بە قوربانییانی ئەنفال و خوێنی شەھیدان و سەدساڵ خەباتی گەلی کوردستان، دەبێت رێکخەری گشتیی گۆڕان و ئەوانەی دەستیان لەگەڵیدا ھەیە باجەکەی بدەن. ئەو باجەیش لەڕێگەی یاسا و دادگاوە دەدرێت. گەلی کوردستان قبوولی نییە و حەقی خۆیەتی قبووڵی نەبێت بە ھیچ بیانوویەک چاوپۆشی و کەمتەرخەمی لەم پرسە ھەستیارەدا بکرێت، بۆیە چاوەڕوان بن و ببینن کە چۆن دادگا نەوشیروان مستەفا و ھاودەستانی سزا دەدات.



PM:01:33:06/12/2015