سەلاحەدین دەمیرتاش بەسەردانێكی لەناكاو گەیشتە هەرێمی كوردستان

هاوسەرۆكی پارتی دیموكارتی گەلان (هەدەپە) بەیانی ئەمرۆ گەیشتە هەرێمی كوردستان‌و پاش سەدانی قەندیل لە سلیمانیش چاوی بە یەکێتی دەکەوێت.

بەپێی هەواڵی میدیاكانی یەكێتی، کاتژمێر پێنجی بەیانی ئەمڕۆ، سەڵاحەدین دەمیرتاش لەڕێگەی ئۆتۆمبێلەوە گەیشتە ھەرێمی کوردستان و لەلایەن بەرپرسانی یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە پێشوازی گەرمی لێکراوە.

دوای گەیشتنی بۆ ھەرێمی کوردستان لەڕێگەی دەروازەی ئیبراھیم خەلیلەوە، دەمیرتاش بەرەو قەندیل بەڕێکەوتووەو دوای کۆبوونەوەیەکی گرنگیش لەگەڵ سەرکردایەتی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، دواتر سەردانی سلێمانیش دەکات.

بەپێی زانیارییەكان سەردانەكەی دەمیرتاتش :"چەند پرسێکی گرنگ لەخۆی دەگرێت، بەتایبەت پرسی ئاڵۆزیەکانی تورکیاو لەشکرکێشی تورکیا بۆ ھەرێمی کوردستان و کاردانەوەکان سەبارە بەو کێشانە لەھەرە کێشە سەرەکیەکانن".

سەرچاوەیەك بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی راگەیاند پێدەچێت لەو سەردانەیدا بۆ قەندیل، دەمیرتاش نامەیەک لەبارەی کێشەکانی تورکیاوە بگەیەنێتە قەندیل و چاوەڕوانی بردنەوەی وەڵامەکەشی بکات، دواتر ئەو وەڵامە لەگەڵ سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش باسدەکات و گفتوگۆی جدیی لەسەر دەکرێت.

سەرچاوەکە باسی ئەوەشیکرد، دەمیرتاش زۆر نیگەران بووە بەبردنی ژمارەیەکی زۆر لەسەربازەکانی تورکیا بۆ ناو خاکی ھەرێمی کوردستان لەنزیک شاری موسڵ، ھەروەک بڕیاریشە ئەو پرسە لەگەڵ سەرکردایەتی پەکەکەو یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش باس بکات.
سەرچاوەکە ئەوەشی ئاشکراکرد، ئێوارەی ئەمڕۆش دەمیرتاش قەندیل بەرەو سلێمانی جێدەھێڵێت‌و دواتریش لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان کۆدەبێتەوە.



PM:02:03:08/12/2015