بارزانی بۆ نوێنەرانی یەکێتی لەگەڵ خۆیدا نەبرد بۆ سعودیەو تورکیا؟

بارزانی لەم هەفتەیەدا دوو سەردانی گرنگی بۆ سعودیەو ئیمارات لەگەڵ تورکیادا ئەنجامدا، لە هیچ کام لەم دوو گەشتە هیچ بەرپرسێکی یەکێتی هاوڕێی بارزانیان نەکرد، ئەمەش بۆتە جێگای مشتومڕی نێو کادیرانی یەکێتی‌و هاوڵاتیان، هەندێکیان دەڵێن" بارزانی حساب بۆ کەس ناکات، رایەکی تریشیان پێیوایە یەکێتی بەشدارنەبێت باشترە، چونکە بەشداریکردن واتە شەرعەیەت پێدانەوەیەتی وەک سەرۆکی هەرێم".

دوای ئەوەی هێزەکانی پارتی رێگایان لەسەرۆکی پەرلەمان گرت بچێتەوە سەرکارەی لەهەولێر و وەزیرەکانی گۆڕانیان دەرکرد، یەکێتی وەک هێزێکی سەرەکی پێکهاتەی حکومەت لەناو کابیەنەکەی نێچیرڤان بارزنیدا ماوەیە, نە کارەکانی هەڵپەساردو، نە لە حکومەتیش هاتنەدەرەوە، لەگەڵ وەزیرەکانی پارتی شانیان دایە بەر کارەکانی حکومەت، لەبری ئەوەی پارتی ئەو هەڵوێستە بەهەند وەربگرێت، کەچی سەرۆکەکەیان لە هەفتەی رابردوودا دوو سەردانی گرنگی وڵاتانی ئیمارات و سعودیەو تورکیای کرد، بەڵام هیچ بەرپرسێکی یەکێتی بە جێگری سەرۆکی هەرێم و جێگری سەرۆکی حکومەتەوە هاوڕێی بارزانی نەبوون لەو دوو گەشتەدا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی راگەیاند " لەئەساسدا یەکێتی و بەرپرسانی یەکێتی نە ئاگایان لەو دوو سەردانەی بارزانی  بووە، نە بچوکترین زانیاریان لەسەر ئەو سەردانانە هەیە، هەروەها هیچ زانیارییەکیشان لەسەر ناوەرۆکی کۆبوونەوەیە بارزانی لە ئیمارات و سعودیەو نییەو لە میدیاکانیشەوە بیستوویانە کە بارزانی سەردانی تورکیا دەکات".

ئەو سەرچاوەیە ئەو بێ ئاگاییەی یەکێتی لەم سەردانانەی بارزانی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی کە خودی بارزانی کەسێکی تاكڕەوەو هەر لەسەرەتای دابەشکردنی پۆستی سەرۆکی هەرێم بۆ بارزانی و سەرۆکی عێراق بۆ تاڵەبانی لە ساڵێ ٢٠٠٥دا، پرسی دانانی جێگر بۆ بارزانی بەزۆر سەپێنرا بەسەر پارتیداو بەدرێژایی ساڵانی رابردووش جێگری سەرۆکی هەرێم بۆ کاروباری سەربازی کۆسرەت رەسوڵ پۆستەکەی لە خانەی نەبوواندا بووە.

سەبارەت بەو زانیاریانەی بارزانی دوای گەشتەکەی بۆ ئیمارات و سعودیە بە لایەنەکانی تری راگەیاندبێت، سەرچاوەکەی سپی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە هیچ زانیارییەک لەو بارەیەوە نەدراوە بە یەکێتی کەچی لە سعودیەو ئیمارات لەرووی سیاسی و ئابوری و سەربازیەوە روویداوەو تا ئێستا ئەو پرسانە نهێنی نێوان بارزانی و بەرپرسانی سعودیەیە.    

هەندێک ناوەندی یەکێتی پێیانوایە باشترە بۆ یەکێتی کە هاوڕێیەتی گەشتەکەی بارزانیان نەکردووە " چونکە ئەگەر هاوڕێیەتی بکەن شەرعیەتی پێدەدەن وەک سەرۆکی هەرێم".

سەرچاوەکەی سپی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد هەردوو سەردانەکەی مەسعود بارزانی بۆ ئەو سێ وڵاتە، سەردانی گرنگ بوون و "هەق نییە لایەنەکان رێگابدەن بارزانی تاکڕەوانە مامەڵە بەسیاسستی دەرەوەی هەرێم کوردستانەوە بکات و بە ویستی خۆی چۆنی بووێت هەرێم بخاتە ئەم ریزبەندی و ئەو ریزبەندیەوەو تا لەناو ناوەندە هەرێمایەتییەکان وا هەژمار بکرێت کە سەربەڕیزبەندی سونەکانە لەناوچەکەدا".

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، دەبێت بارزانی ناچار بکرێت نوێنەرانی هەموو حیزبەکان بەشداربن لەو سەردانانەدا، یان هەڵوێستێکی جدی وەربگیرێت کە چیتر بارزانی تاكڕەوی بەسیاسەتی دەرەوەی هەرێمەوە نەکات بەتایبەتی کە ئەو ماوەی یاسایی سەرۆکایەتییەکەی تەواوبووە". 
لەم هەفتەیەدا بارزانی دوو سەردانی بۆ کەنداو و تورکیا سازداو جگە لەکەسە نزیکەکانی، کەس هاوڕێیەتیان نەکرد لەو سەردانانەیدا. 



PM:10:47:10/12/2015