لەبەغدا نوێنەری پارتی قسەی نەکرد، مەلا بەختیار بەرگری لە سەردانەکەی بارزانی کرد بۆ تورکیا

کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتیەکەی عێراق و سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی عێراق، لەسەر بەیانێکی ١٤ خاڵی ڕێککەوتن، لە کۆبوونەوەکەدا لەبارەی سەردانەکەی بارزانیەوە بۆ تورکیا شەیعەکان رەخنەیان گرت، نوێنەری پارتی قسەی نەکرد، مەلا بەختیار بەرگری لەسەردانەکەی بارزانی کرد.

کۆبوونەوەکە کە لەکۆشکی سەلام لەلایەن د. فواد مەعسوم سەرۆکی عێڕاقە بەڕێوەچوو هەریەک سەلیم جبوری سەرۆکی پەرلەمان و حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیران و نوری مالکی سەرۆکی وەزیرانی پێشوو و نوێنەری فراکسیۆنەکانی پەرلەمان بەشداربوون.

لە کۆبوونەوەکەدا کە زیاتر هاتنی سووپای تورکیا بۆ دەوروبەری شاری موسڵ بابەتی زاڵی کۆبوونەوەکە بوو، عەلی ئەدیب کەسایتی دیاری شیعە سەردانەکی بارزانی بۆ تورکیا لەم کاتەدا بە کارێكی خراپ ناوزەد کرد، نوێنەری پارتی کە سەرۆکی فراکسیۆنەکە خەسرەو گۆران بەشداربوو هیچ داکۆکیەکی لە بارزانی نەکرد، مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی داکۆکی لە سەردانەکەی بارزانی کرد.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆکی فراکسیۆن گۆڕان هۆشیار عەبدوڵا وەک خۆی لە لێداونێکدا بۆ میدیاکان بڵاویکردۆتەوە باسی پەکخستنی پەرلەمانی کوردستان و دەرکردنی وەزیرەکانی گۆڕانی کردووە، سەرەتا سەرۆکی عێراق داوای لێکردووە کە ئەوە بابەتی کۆبوونەوەکە نییە، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی سپی سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان سووربووە لەسەر قسەکانی.
سێ سەرۆکایەتییەکەو نوێنەرانی فراکسیۆنەکان، لەسەر بەیانێکی ١٤ خاڵی رێککەوتوون کە گرنگترین خاڵیان تایبەتە بەتورکیا کە تیایدا هاتووە" هاتنە ناوەوەی چەند هێزێكی سەربازیی توركیا بۆ ناو خاكی عێراقیش  بێ لێك تێگەیشتن و رێككەوتنی پێش وەخت  بێدەنگیی و قبوڵكردن هەڵناگرێت لە ئاستیدا ،مافی عێراقەهەمو رێوشوێنێكی رەوا بەكاربهێنێت  بۆ داكۆكیكردن لە سروەریی و یەكێتیی خاكەكی و پشتیوانیكردنی حكومەتی عێراق لە هەنگاوەكانی كە بۆ ئەم مەبەستە گرتویەتییە بەر".
  سەبارەت بە پەیوەندی نێوان و هەرێم و بەغدا کە لە قەیرانێکی قووڵدایە، بەشداربووان رێککەوتن لەسەر" 
 كردنەوەی دەرگای دیالۆگی جدیی و لێپرسراوانە  لە نێوان  حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەركردنی هەمو كێشە هەڵپەسێراوەكان لەسەر بنەمای دەستور و پەرۆشیی بۆ یەكڕیزیی نیشتمانیی".

دەقی بەیاننامەی كۆبوونەوەكە:

بۆ شێوازی مامەڵەكردنی داواكارییەكانی ئەم هەلومەرجەی بە وڵاتدا دەگوزەرێت ،بە مەبەستی هەوڵدان  لە پێناوی  بەرەوپێشبردنی پرۆسەی سیاسیی و گەشەپێدانی چۆنیەتی راپەڕاندنی كارەكان لە ئاستە جیاجیاكاندا  لە بەرژەوەندیی بنیاتنان و بوژانەوە و پێشكەوتن لە روی سیاسیی و ئەمنیی و كارگێڕییەوە ، ئێوارەی ئەمڕۆ  شەممە12/12/2015 كۆبونەوەیەكی گرنگ لە كۆشكی سەلام لە بەغداد بەڕێوە چو كە بەڕێزان سەرۆك كۆمار  و سەرۆك وەزیر و سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و سەركردە و سەرۆكی فراكسیۆنە سیاسییەكان ئامادەی بون.

كەش و هەوایەكی ئیجابیی لە لێك تێگەیشتن و نیشاندانی هەستكردنی باڵا بە بەرپرسیارێتی  ،باڵی كێشا بو بەسەر َكۆبونەوەكەدا بەجۆرێك كە فاكتەری تێپەڕاندنی زۆربەی كێشەكان  بێت .

كۆبونەوەكە جەختی كردە سەر  پرەنسیبی كاركردن بە گیانی یەك هەڵوێستیی نیشتمانیی  بۆ  مامەڵكردن لەگەڵ هەمو گۆڕانكاریی و پێشهاتەكانی ناوخۆ و دەرەوە  لە روانگەی بەرژەوەندیی عێراق و عێراقییەكان و ئاسایشی وڵات و سەروەریی و سەربەخۆییەكەی لەسەروبەندی ئەم هەلومەرجە ئیقلیمیی و نێودەوڵەتییەدا كە بارگاوییە بە ناكۆكییەكان و لەبەردەم  بەرژەوەندیی نایەكانگیر و تێكچڕژاودایە و لە كاتی هاتنە ناوەوەی هێزەكانی توركیادایە بۆ ناو خاكی عێراق.

لە كۆبونەوەكەدا  گفتوگۆیەكی راشكاوانە  و جدیی كرا لە ئاست مەسەلە سیاسیی و ئەمنییەكان و گۆڕانكارییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكان و پێگەی عێراق لە نێو ئەو گۆڕانكارییانەدا ، تێڕوانین و بۆچونەكان لە زۆربەی تەوەرەكانی ئەو گفتوگۆیانەدا كە لە كارنامەی كۆبونەوەكەدا بو، لێكەوە نزیك بون .

بۆ گوزارشتكردن لە یەك هەڵوێستیی ، و دەربڕینی هەستكردنی باڵا بە بەرپرسیارێتی  ئامادەبوانی كۆبونەوەكە لەسەر ئەم خاڵانە رێككەوتن :

1ـ پابەند بون بە كاركردن بە پرەنسیبەكانی یەكهەڵوێستیی نیشتمانیی بەرپرسیارانە و پابەند بە  پرەنسیبەكانی دەستور و پەرۆشیی بۆ یەكێتیی عێراق و ئاسایش و سەربەخۆییەكەی، بە تایبەتیی لە ئاست مەسەلە ستراتیژییە جەوهەرییەكان  بەوجۆرەی كەشێكی ئیجابیی بەدی دەهێنێت بۆ بوژانەوەی پرۆسەی سیاسیی و راپەڕاندنی ئەركی دامەزراوە جیا جیاكانی دەوڵەت . 

2ـ دەستخۆشیی و ستایشكردنی قارەمانێتیی و سەركەوتنەكان لە بەرەجیاجیاكانی شەڕ كە سوپا و پۆلیسی فیدراڵیی و حەشدی شەعبیی و پێشمەرگە و خۆبەخشە عەشایرەكان شەڕێكی شەرەفمەندانەیان تیادا كردوە دژی تێرۆر و سەرەنجام ژمارەیەك شارو گوند و شارۆچكە ئازادكران، گرنگیی بەردەوامبون لەسەر ئازادكردنەوەی ئەو ناوچانەش كە ماون لە پارێزگای ئەنبار و  و دستپێكردن بە ئازادكردنی شاری موسڵی خۆشەویست ،دوپاتكرایەوە.

3-پشتیوانیی و پشتگیریی كردنی ئامادەو سازكردنی سوپای عێراق و هێزە ئەمنییە نیشتمانییەكان و سەرلەنوێ رێكخستنەوەیان  و دابینكردنی هەمو ئەو پێداویستیانەی كە یارمەتی دەدات بۆ ئەوی ببنە سوپا و دامەزراوەیەكی بەتوانا بۆ راپەڕاندنی ئەركی پیشەیی و نیشتمانیی چاوەڕوانكراویان لەسەر بنەمای  دستوریی  بەو جۆرەی سەروەریی عێراق و ئاسایشی عێراقییەكان دەپارێزرێت.

4-بەردەوام بون لەسەر سیاسەتی پەیوەندیی هاوسێ یەتی باش وپێكەوەژیان لەگەڵ هەمو دەوڵەتانی دراوسێ   و دەوڵەتانی تری ناوچەكە لە رێی دامەزراوەكانی دەوڵەتەوە ، بەو جۆرەی گوزراشت بكات لە خواست و داخوازییەكانی  بەرژەوەندییەكانی عێراق و سەربەخۆییەكەی و بەرژەوەندیی هاوبەش لەگەڵ هەموان و كاركردن بۆ گەشەپێدانیان و دوپاتكردنەوەی  تێوەنەگلاندنی عێراق  لە  ریزی هیچ لایەنێك دژی  لایەنێكی تری ناوچەیی و نێودەوڵەتیی.

5ـ پەرەپێدانی پەیوەندییە پۆزەتیڤەكان لەگەڵ دەوڵەتانی عەرەبییدا و گەشەپێدانیان لەم هەلومەرجەدا كە هەموان روبەڕوی هەڕەشەی جیا جیا دەبنەوە ، ئەمەش پێویستی بە هاوكاریی و هەوڵی دڵسۆزانەی زیاترە  بۆ ئاشتیی و پێشكەوتنی گەلانی ناوچەكە و ئۆقرەییەكەی.

6ـ بەشداربوانی كۆبونەوەكە رێككەوتن سوپاس و پێزانین  پێشكەش بكرێت  بە هەمو دەوڵەتانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی  و ئێران لە بەرامبەر  پێشكەشكردنی كۆمەكیی  هەوایی و هەوڵگریی و لۆژیستیی بۆ پشتیوانیی هێزەكانی عێراق لە بەگژاچونەوەی تێرۆردا و، گرنگیی درێژەدان بە  بەهێزیی ئەم پشتیوانییە دوپاتكرایەوە بە ئامانجی بەرەوپێشچونی هێزەكانمان لە مەیدانی  شەڕدا تا بەدیهێنانی سەركەوتنی یەكجارەكیی بەسەر تێرۆردا.

7ـ هەر پشتیوانیی و پاڵپشتییەك لە هەر دەوڵەتێكەوە بۆ عێراق دەبێت لە رێی كەناڵە رەسمییە عێراقییەكانەو بێت و بە رێككەوتن بێت لەگەڵیاندا . هاتنە ناوەوەی چەند هێزێكی سەربازیی توركیا بۆ ناو خاكی عێراقیش  بێ لێك تێگەیشتن و رێككەوتنی پێش وەخت  بێدەنگیی و قبوڵكردن هەڵناگرێت لە ئلستیدا ،مافی عێراقەهەمو رێوشوێنێكی رەوا بەكاربهێنێت  بۆ داكۆكیكردن لە سروەریی و یەكێتیی خاكەكی و پشتیوانیكردنی حكومەتی عێراق لە هەنگاوەكانی كە بۆ ئەم مەبەستە گرتویەتییە بەر.

8ـ ئامادەبوانی كۆبونەوەكە رێككەوتن لەسەر رەخساندنی فاكتەرەكانی بەدیهێنانی ئاشتبونەوەی كۆمەڵایەتیی  و درێژەدان بە هەوڵ و كۆششەكان لەم بوارەدا لە پێناوی یەكخستنی هەڵوێستەكان و بەشداریكردنی هەمو عێراقییەكان لە بونیاد نانی عێراقێكی دیموكراسیی فیدراڵیی ئازاد و سەربەخۆدا.

9ـ رێككەوتن لەسەر  راسپاردن بۆ  كاری پێویست  بە ئامانجی بەئەنجام گەیشتنی پەسەندكردنی قانونە دواخراوەكان و دەسكاری كردنی ئەوانەی كە پێوێستیان بە هەمواركردنە ،تەئكیدیش كرایەوە لەسەر بەهێزكردنی رۆڵی پۆزەتیڤی  فراكسیۆنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ هاریكارییكردن لە بەخێرایی تەواوكردن و داڕشتن و گەڵاڵە كردنی رێككەوتنەكان لەم بارەیەوە .

10ـ  كردنەوەی دەرگای دیالۆگی جدیی و لێپرسراوانە  لە نێوان  حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەركردنی هەمو كێشە هەڵپەسێراوەكان لەسەر بنەمای دەستور و پەرۆشیی بۆ یەكڕیزیی نیشتمانیی.

11ـ درێژەدان بە هەوڵەكان لەگەڵ دەوڵەت و رێكخراوەكان لە پێناوی بەستنی كۆنگرەیەكی تایبەت بە ئاوەدانكردنەوەی عێراق  و چڕكردنەوی كار بۆ كێشەی ئاوارە بوەكان  و دانانی رێوشوێنی پێویست بۆ یارمەتیدانیان چ لەو ناوچانەی بە شێوەی كاتی لێی گیرساونەتەوە یان گەڕاندنەوەیان بە سەلامەتیی بۆ ناوچە رزگاركراوەكانیان و چەسپاندنی ئاشتیی تیایاندا.

12ـ مامەڵەكردنی جدیی لە ئاست كێشە و قەیرانە دارایی و ئابورییەكان كە وڵات روبەڕوی بوەتەوە و سود وەربگیرێت لە شارەزاییە نیشتمانیی و نێودەوڵەتییەكان بەو جۆرەی یارمەتیی تێپەڕاندنی ئەم كێشانە دەدات و یارمەتیی بوژاندنەوە و چالاككردنی كارگە و كارخانەكانی دەوڵەت دەدات و هەمو لایەنە حكومییەكان گەشەیان پێ بدرێت لە پێناوی  پاڵپشتیكردنی بەرهەمی نیشتمانیی  بە هاریكاریی پۆزەتیڤانەی بنیاتنەرانە لە نێوان هەردو كەرتی گشتیی و تایبەتیی.

13ـ رێزگرتنی داخوازیی خۆپیشاندەران و ئەوەی مەرجەعیەت گوزارشتی لێكردوە  بۆ پێویستیی چاكسازی  راستەقینەی ریشەیی  ئەوەی لە بەرنامەی حكومەتدا هاتوە و  ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر داوە.لەوبارەیەوە  ئامادەبوانی كۆبونەوەكە رێككەوتن لەسەر  پێویستیی پشتیوانیكردنی هەر هەوڵێكی چاكسازیی  لە ناو  دامەزراوەكانی دەوڵەت  بەوجۆرەی یارمەتیی قەڵاچۆكردنی گەندەڵیی دەدات و گەشە دەدات بە كاری بەڕێوەبردن لە دامەزراوە جیاجیاكان  و دەبێتە فاكتەری پێشكەشكردنی باشترین خزمەتگوزاریی بۆ هاوڵاتییان و دەستەبەركردنی هەلومەرجێك كە عێراق ئەم  بارە ئابوریی و داراییە تێپەڕێنێت كە بە هۆی نزم بونەوەی نرخی نەوت پێوەی دەناڵێنێت.

14-دیدار ی هاوشێوەی دەوریی رێكبخرێت بە تایبەتیی كە روداو و پێشهاتی نوێ دێتە ئاراوە لە عێراقدا یان لە ناوچەكەدا بۆ گرتنەبەری هەڵوێستی دیاریكراو و یەكگرتو .



AM:08:38:13/12/2015