کەجەدە داوا دەکات کۆتایی بەشەڕ و پێکدادانەکان بهێنرێت

لە کۆنگرەی نا ئاسایی کەجەدە دا کە دوورۆژی خایاند و لەئامەد بەسترا داوا دەکات کۆتایی بە شەرو پێکدادان بهێنرێت.

جڤاتی گشتی کەجەدە، لەدووهەمین رۆژی کۆبونەوەی ئاناسایی خۆیدا ئەنجامنامەی کۆبونەوەکەی لەژێر ناوی "جارنامەی چارەسەری سیاسی خۆبەرێوبەرایەتی هەرێمی خۆجێی" بۆ رای گشتی ئاشکرا کرد.

لەدووەمین رۆژ و کۆتایی کۆبونەوەی نائاسایی جڤاتی گشتی کۆنگرەی جڤاتی دیموکراتی کەجەدە، کە ئەمرۆ لە ئامەد کۆتایی پێهات، هاوسەرۆکانی کەجەدە سەلما ئیرماک و خەتیب دجلە بە (کوردی و تورکی) ئەنجامنامەی کۆبونەوەکەیان خوێندەوە و رایانگەیاند "بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی بەردەم دامەزراندنی (هەرێمە خۆسەر و دیموکراتیەکان) پێشنیارکرا کە (بۆ چارەسەرکردنی خۆبەرێوبەری دیموکراتی و چارەسەرکردنی پرسی کورد و دیموکراتیزەکردنی تورکیا) بەجودا هەڵسەنگاندنی بۆ نەکرێ، هەر بۆیە ئامادەکردنی (دەستوورنامەی دیموکراتی) پێویستییەکە.

لە ئەنجامنامەی کەجەدە دا هاتووە "جگە لە کێشەکان لە بوارەکانی ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی، کەلتووری و سەربازی دا، هەروەها بوونی کێشەکانی لەبواری نەتەوەیی، ئازادی و دیموکراسی"ش لەئارادایە، ئیدی راستیەک ئاشکرابووە کە (سیستەمی کۆن) نابێتە وەڵامدانەوە و داخوازی گەلان، لەم بوارەدا رێبەری گەلی کورد عەبدوڵلا ئۆجەلان (هێڵی سێهەمین)ی پێشنیار کرد، هەروەها لەنەورۆزی ٢٠١٣ دا بۆ دیموکراتیزەکردنی تورکیا و چارەسەرکردنی پرسی کورد (جارنامەی مێژوویی) بۆ رای گشتی تورکیا و جیهان راگەیاند و ئەنجامی راگەیاندنی (چارەنامەی ئۆجەلان) گەیشتە پەیمان نامەی دۆڵمە باخچە.

کۆنگرەی جڤاتی دیموکراتی کەجەدە راشیگەیاند: ئاکەپە بە سیاسەتی (سەرقاڵکردن) نزیکی هەنگاوی جارنامەکە بووه‌وه‌، فکری هاوبەشیی و پەیمان نامەی دۆڵمە باخچەی رەتکردەوە و گۆشەگیریەکی قورسی بەسەر ئۆجەلان دا سەپاند، هەروەها لەدژی گەلی کورد دەستی بە شەرێکی هەمەلایانە کرد،  لەپرۆسەی هەڵبژاردنیش (ئیرادەی گەلان لە تورکیا)ی بە کۆدەتایەکی سیاسی دەستبەسەرکرد و هەنگاو بە هەنگاو شەری لە دژی گەلی کورد دژوارتر کرد، گەلی کورد لەدژی ئەو زهنیەتە (ئەلتەرناتیڤی سیاسەتی دیموکراتیانە)ی پێشخست و خۆبەرێوبەری هەرێمیی راگەیاند، ئەو هەنگاوە ستاتۆی سیاسییە، هەروەها وەک (بنکەی دیموکراتیزەکردنی تورکیا و چارەسەرکردنی پرسی کورد) پێناسە کرا.

کۆنگرەی جڤاتی دیموکراتی کەجەدە لە جڤاتی گشتی دا رایانگەیاند: ئەوان وەک (کەجەدە) پشتگیری لە راگەیاندنی (خۆبەرێوبەری هەرێمیی) دەکەن و بەهەموو شێوەیەکیش پشتیوانی لە خۆراگری و بەرخۆدانی گەلی کورد دەکەن، هەر بۆیە ئازادی بەرێز ئۆجەلان مەرجێکه‌ که‌ پاشه‌کشه‌ ناکه‌ین.

کەجەدە داواشی کرد کە کۆتایی بە شەر و پێکدادانەکان بێت و بۆ تورکیایەکی دیموکراتی و چارەسەری سیاسی، بانگ لەهەموو هێزە دیموکرات و ئازادیخوازەکان، پارتە سیاسیەکان، کەسایەتی رۆشەنبیر و گروپ و رێکخراوەکانی ئاینی و گەلان لە تورکیا دەکەین کە پشتگیری لە تێکۆشانی مافداریی گەلی کورد بکه‌ن، هەر بۆیە خاوەنداریکردن لە تێكٶشانی گەلی کورد خاوەنداریکردن و مسۆگەرکردنی دیموکراتیزەکردنی تورکیای داهاتووه‌.
 



AM:12:57:28/12/2015