"یەکێتی دەیەوێت رێککەوتنی ستراتیژی ٢ لەگەڵ پارتی ئەنجام بدات"

یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەنیازی ئامادەکردنی رێککەوتنامەیەکە لەژێر ناونیشانی " رێککەوتنی ستراتیژی دوو"، بیرۆکەی ئەو پرۆژەیەش مەلا بەختیار، بەرپرسی دەستی کارگێری مەکتەبی سیاسییە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی راگەیاند ماوەی چەند رۆژێکە لەناو بەرپرسانی یەکێتیدا قسە لەسەر نووسینەوەی پرۆژەیەک دەکرێت کە لەلایەن مەلا بەختیاری بەرپرسی دەستە کارگێری مەکتەبی سیاسی یەکێتییەوە ئامادەکراوەو بەناوی "رێککەوتنی ستراتیژی دوو"ەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی ئاشکرا بوون ئەو پرۆژەیە بەئامانجی گەڵاڵەکردنی رێککەوتنی نێوان هەردوو لایەنی یەکێتی و پارتی ئامادە کراوەو درێژکراوەی رێککەوتنی ستراتیژی پێشووی نێوان هەردوولادایە، کە بۆ ماوەی ٧ ساڵ دەسەڵاتیان لەکوردستاندا لە نێوان هەردوولا  دابەشکرد.

سەرچاوەکەی سپی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە لەو پرۆژەیەدا هەردوو لایەنی پارتی و یەکێتی وەک گەمەکاری سەرەکی کوردستان دەردەکەون و لایەنەکانی تر لە فەلەکی ئەو دوولایەنەدا دەسوڕێنەوە.

پرۆژەکە جگە لەئاساییکردنەوەی بارودۆخی هەرێم و دامەزراوەکانی، مەسەلەی جیابوونەوەی هەرێمی کوردستانیش ئاماژەی پێدراوە.

بەپێی زانیارییەکانی سپی لە رۆژانی ئایندەدا مەلا بەختیار ئەو پرۆژەیە رادەگەیەنێت.

لەسەرەتای دروستبوونی قەیرانی سەرۆکایەتی هەرێمەوە ئەمە دووەم پرۆژەیە کە بەرپرسانی یەکێتی دەیخەنە روو، پرۆژەی یەکەم بەرهەم ساڵح جێگری دووەمی سکرتێری گشتی یەکێتی لە سەرەتای مانگی ئابی ٢٠١٦دا بەناونیشانی "بەرەو چارەسەرێکی نیشتمانی بۆ قەیرانی حوکمڕانی کوردستان" ئەو پرۆژەیە لە مەکەتەبی سیاسی پەسەند کراو لەسەرکەدایەتی یەکێتی بەزۆرینە رەتکرایەوە. ئەوەی سەرنجدەدرێت پارتی کە خاوەنی کێشەکەیە تا ئێستا هیچ پرۆژەیەکی پێشنیار نەکردووە.   



PM:05:14:01/01/2016