هەمووشتێک لەسەر دیاریکردنی باشترینەکانی ساڵی ٢٠١٥


سبەی دووشەمە ١١/1/٢٠١6 سەعات ٨:٣٠ی شەو  هۆڵی كۆنگرێس هاوس لە شاری زیورخی وڵاتی سویسرا یەكێك لە دیارترین بۆنەكانی ساڵ لە خۆدەگرێت، ئەویش دابەشكردنی خەڵاتی تۆپی زیڕینی باشترین یاریزانی تۆپی پێی جیهانە كە لە لایەن فیفاو گۆڤاری فرانس فۆتبۆڵەوە ساڵانە دابەش دەكرێت.
فیفا خۆی ساڵانە خەڵاتی باشترینەكانی ساڵی دەكرد، لە ساڵی ٢٠١٠ شەوە لەگەڵ گۆڤاری فرانس فۆتبۆڵی فەرەنسی یەكیانگرتوە بۆ پێدانی خەڵاتی باڵۆن دۆری فیفا بە باشترین یاریزانی ساڵ، لە ڕێگەی یەكگرتنی هەردووخەڵاتی باشترین یاریزانی فیفاو خەڵاتی باڵۆن دۆری گۆڤارە فەرەنسییەكە، شێوازی دیاری كردنەكەش گۆڕاوە، فیفا پێشتر ساڵانە باشترین یاریزانی لەڕێگەی تەنها دەنگی راهێنەران و كاپتنی هەڵبژاردەكان دیاری دەكرد، بەڵام لە ئێستادا لە پاڵ دەنگی راهێنەران و یاریزانان، لیژنەیەكی تری هاوبەش لە فیفاو گۆڤاری فرانس فۆتبۆڵەوە پێك هێنراوە، لەگەڵ دەنگی دیارترین رۆژنامە نوسانی جیهان.
لەم ساڵیش دا هەریەك لە باشترین یاریزانی ئەرجەنتین و یانەی بارسێلۆنا لیونێل میسی و نەیمار دا سیلڤای بەڕازیلی و كریستیانۆ رۆناڵدۆی پرتوگالی پاڵیوراون بۆ بردنەوەی خەڵاتەكە لەسەر ئاستی كوڕان. 
هەروەها پاڵێوراوانی باشترین راهێنەرانی پیاوان پێك هاتون لە لویس ئینریكی راهێنەری یانەی بارسێلۆناو پیپ گواردیۆلا راهێنەری یانەی بایرن مونشن و خۆرخی سامپاولی راهێنەری هەڵبژاردەی چیلی.
پاڵیوراوانی خەڵاتی باشترین یاریزانی كچانیس بریتین لە كارلی لویدی ئەمریكی و ئایا میامای ژاپۆنی و سیلیا ساسیچی ئەڵمانی.
لەم ساڵیشدا باشترین راهێنەرانی كچان پێك هاتوون جیل ئەلیسی ئەمریكی و مارك سامپسۆنی وێڵزی و ناریۆ ساساكی ژاپۆنی.
لە هەمانكاتدا خەڵاتی پۆشكاش بۆ جوانترین گۆڵی ساڵ دەدرێتە جوانترین گۆڵی ساڵ، وە خەڵاتی فیف پرۆش پێك هاتوە لە باشترین پێكهاتەی ساڵ كە ٥٥ یاریزان لە خۆ دەگرێتەو باشترین ١١ یاریزان دیاری دەكرێت.
بالۆن دۆر خێزانی میل بیرۆ كە بە میلەر ناسراون لەسەرەتای دابەش كردنی ئەو خەڵاتەوە لە ساڵی ١٩٥٦ شەرەفی ئەوەیان پێ دراوە خەڵاتی باڵۆن دۆر دروست بكەن، كە خەڵاتەكە بەرزیەكەی ٣١ سانتیمەترو پانیەكەی ٢٣ سانتیمەترەو قوڵیەكەشی ٢٣ سانتیمەترەو لە دوساڵی پاریشەوە پارچەیەكی تریشی بۆ زیاد كراوە ناوی براوەكانی ٣ ساڵی رابردوی لەسەر دەنوسرێت.
لەساڵی ١٩٥٦وە ئەم خەڵاتە دەدرێت بە باشترین یاریزانی جیان لە لاین گۆڤاری فرانس فتبۆڵەوە، بەڵام لە ساڵی ١٩٥٦ وە هەتا ١٩٩٤ خەڵاتی باڵۆن دۆر دەدرا بەو كەسانەی كە خاوەنی رەگەزنامەی ئەوروپین، لەبەر ئەوە چەندین یاریزانی هاوشێوەی دیگۆ ئەرماندۆ مەرادۆناو پێلێ و چەندین یاریزانی تر بێ بەش بوون لێی، بەڵام لەدوای ساڵی ١٩٩٤ وە واتە لە ساڵی ١٩٩٥ وە هەتا ساڵی ٢٠٠٧ یاساكە گۆڕانكاری بەسەردا هات ئەم جارە هەموو خاوەن رەگەزنامەكان مافی ئەوەیان هەبوو ببنە باشترین یاریزانی جیهان، بەڵام بەو مەرجەی لە خولە ئەوروپیەكان یاریزان بكردایە، دواترو لەدوای ساڵی ٢٠٠٧ وە یاساكە جارێكی تر گۆڕانكاری بەسەردا هەتاك هەتا ئەمڕۆ هەموو یاریزانێك لە هەرخوڵێك دا یاری بكات دەتوانێت ببێتە باشترین یایزانی جیهان.
لەڕوی هەڵبژاردنی باشترین یاریزانەكانی جیهانەوە پێشتر تەنها ٢٠٨ ئاژانسی جیهانی بوو كە باشترینەكانیان هەڵ ئەبژارد، بەڵام لە دوای ساڵی ٢٠٠٧ یاساكە گۆڕانكاری بەسەردا هاتوە ٦٢٤ كەس مافی دەنگ دانیان هەیە لەوانەش ٢٠٨ ڕاهێنەری وڵاتەكان و یانەكان ٢٠٨ یاریزانی كاپتنی یانەكانی وڵاتەكان ٢٠٨ رۆژنامەنوسی جیهانی.


دارەوان حاجی حامید 
سویسرا






PM:04:46:10/01/2016