نوسەری ناسراو د. مەریوان وریا قانع دەربارەی ئەو قسەیەی دوێنی بارزانی کوردوویەتی لەسەر چۆڵکردنی کورسیەکەی دەڵێت" ئەوە پێشنیاری ناو سیستمێکی سیاسیی نییە کە لانیکەمی ڕێز تەنانەت لە یاسا و بەھاو نووسراوەکانی خۆی بگرێت، بەڵکو پێشنیارێکە درێژکراوەی کولتور و کەلەپور و بەھاکانی دیوەخانە".
د.مەریوانی وریا قانع لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لەکۆمێنتێکدا دەربارەی پێشنیارەکەی بارزانی کە باس لەوەدەکرێت سەرۆکی پارتی ٤ جار پێشنیاری ئەوەی کردوە کەسێک ڕابسپێرن بۆئەوەی ئەو پۆستی سەرۆکەیاتیی پێبسپێرێت و خۆشی وازبھێنێت و ببێتەوە بە پێشمەرگە، دەڵێت" کێشەی سەرۆکایەتی ھەرێم کێشەی سیاسیی ژمارە یەکی ھەرێمە و زۆرێک لە کێشە سیاسییەکانی تر لەم کێشەیەیەوە سەریانھەڵداوە".
ئەو نوسەرە دەڵێت" سیستمی سەرۆکایەتی لە ھەرێمدا، سەرەڕای ئەوەی سیستمێکی تەواو ترسناکە و بەکەڵکی کوردستان نایەت، بەڵام ھێشتا بە کۆمەڵێک یاسای نووسراو و ھەنگاوی دەزگایی ڕێکخراوە".
لەدرێژەی نووسینەکەیدا، قانع دەڵێت" ئەوەی بارزانی لەو کۆبونەوەیەدا پێشنیاری کردوە، پێشنیاری ناو سیستمێکی سیاسیی نییە کە لانیکەمی ڕێز تەنانەت لە یاسا و بەھاو نووسراوەکانی خۆی بگرێت، بەڵکو پێشنیارێکە درێژکراوەی کولتور و کەلەپور و بەھاکانی دیوەخانە".
هەروەها دەشڵێت" لەڕووی یاساییەوە لە کوردستاندا جگە لە بەرزانی ھەموو کەسێکی دیکە مافی ئەوەی ھەیە خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی ھەرێم کاندید بکات و جگە لە بارزانیش ھەموو کەسێک مافی ئەوەی ھەیە ئەو پۆستەی ھەبێت. کێشەکان بە خۆگێلکردن و خۆلادان و خۆڵبەسەرداکردن چارەسەرنابن، بێدەنگیی ھیچی لێ سەوز نابێت، ترسنۆکیی و شەرمکردن و درۆکردن جەھەنەمێکی گەورەتر دروستدەکات".
قانع پێێوایە دۆخی کوردستان لە قۆناغێکدا نییە کێشە سەرەکیی و بنەڕەتییەکانی بشاردرێنەوە باسنەکرێن، "وڵات لە لێواری وێرانبوون و داڕمان و تەقینەوەدایە. ھەنگاوی یەکەم و ھەرە سەرەتایی بە خۆنەدزینەوە لەو زمانە دەستپێدەکات کە دەتوانێت و دەوێرێت ڕاستییەکان بڵێت. ئەمەش ئەرکی ھەموو کەسێکە بیەوێت ئەو دۆخە لەلێواری خلۆربوونەوەیەکی بێکۆتاییەوە بۆ دۆخێک لانیکەمی بگوازێتەوە توانای ناوەکیی لانی ھەرەکەمی جێگیربوونی تێدابێت. ھیچ وڵاتێک لە دونیادا بە درۆ و دەمامک و بێدەنگیی و بێزمانیی و قڕوقەپ ناچێت بەڕێوە".