بارزانی لەبارێکی پشێووی هەرێمدا سەردانی ئەڵمانیا دەکات

مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی لەبارێکی پشێووی هەرێمدا بۆ بەشداریی لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن 2016 لە وڵاتی ئەڵمانیا، سەردانی ئەو وڵاتە دەکات.

بەپێی میدیاکانی پارتی ئەو کۆنفرانسە ئەمساڵ لەلایەن وەزیرانی بەرگری ئەڵمانیا و فەرەنساوە سەرپەرشتی دەکرێت و هەریەک لە مەسعود بارزانی،   حەیدەری عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، جۆن کێری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا و چەند وەزیرێکی دیکەی وڵاتانی جیهان بانگهێشت کراون و بەشدار دەبن لە کۆنفرانسەکەدا بۆ وتوێژکردن لەسەر باری ئەمنی و هاوکاری مرۆییەکان لە جیهاندا.
  
ئەو سەردانەی بارزانی لەکاتێکدایە کە بەپێی لێدوانە فەرمییەکان نزیکەی ٧٥% فەرمانبەرانی سنووری هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە دەوام ناکەن و رۆژ بەرۆژ خۆپیشاندان و نارەزایەتی دەربڕین لەبەر بێ مووچەی فراوانتر دەبێت و سێ رۆژیشە ئەو خۆپیشاندان و بایکۆتکردنە گەیشتۆتە هەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستان.



PM:07:36:10/02/2016