پێشمەرگە‌و حەشدی شەعبی سێ بڕیاریان دەركرد

لەكۆبوونەوەی ئەمرۆی هێزی پێشمەرگە‌و میلیشیا شیعەكان‌و لایەنە حكومییەكانی خورماتوو سێ بڕیار بۆ هێوركردنەوەی بارودۆخی خورماتوو دەركرا.

پاش كۆبوونەوەكە لە كۆبوونەوەیەكی رۆژنامەوانیدا بڕیارەكان ئاشكرا كران كە بریتین لە:
یەكەم: سەركۆنەكردنی سەرجەم هەوڵ و كارە نایاساییەكانی میلیشیاكانی دەرەوەی یاسا لە كوشتن، گرتن و رفاندن، هێرشكردنە سەر موڵك و ماڵی هاووڵاتیان.

دووەم: سەرجەم ئەنجامدەرانی ئەو كارە نایاساییانە كە فەرمانی دەستگیركردنیان هەیە رادەستی هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش بكرێن و رووبەڕووی یاسا بكرێنەوە، بێئەوەی هیچ لایەك پشتیوانیان لێبكەن، هەروەها هەردوولا، پێشمەرگە و حەشدی شەعبی لە دەستگیركردنی بكەرەكان و هێوركردنەوەی دۆخەكە هاوكاری ئاسایش و پۆلیس بكەن.

سێیەم: بەردەوامبوونی كۆبوونەوەكان بەشێوەی خولی و جێبەجێكردنی بڕیارەكان.

هاوكات رێككەوتنیش دەكرێت لەبارەی دۆزینەوەی میكانیزمێك بۆ دابەشكردنی پۆستە ئەمنییەكانی شارۆچكەكە. بڕیارە ئێوارەی رۆژی دووشەممە لە مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، هادی عامری، ئەمینداری رێكخراوی بەدر و سەركردەی یەكەمی هێزە چەكدارەكانی حەشدی شەعبی لەگەڵ بەرپرسانی سەربازی و سیاسی یەكێتی لە شاری سلێمانی، لەبارەی پرسەكانی خوورماتوو كۆببێتەوە.

شارۆچكەی خورماتوو سەر بە پارێزگای سەڵاحەدینە ‌و نزیكەی 100 كلیۆمەتر لە پارێزگاكەوە دوورە، ناوچەیەكی كوردستانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستانە و ماددەی 140 دەیگرێتەوە. ژمارەی دانیشتووانی خورماتوو بە شارەدێ ‌و گوندەكانییەوە نزیكەی 220 هەزار كەس دەبێت، كورد 55% ‌و عەرەب 15%‌و توركمانیش 30% شارۆچكەكە پێكدەهێنن.



PM:01:10:22/02/2016